سه‌رۆك وه‌زيران پێشوازى له‌ شاندێكى شاريقه‌ كرد

سه‌رۆك وه‌زيران پێشوازى له‌ شاندێكى شاريقه‌ كرد
17ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى ئابوورى و بازرگانيى میرنشینى شاریقه‌ به ‌سه‌رۆكایه‌تيى شێخ سوڵتان بن ئه‌حمه‌د ئه‌لقاسميى سه‌رۆكى دامه‌زراوه‌ى ڕاگه‌یاندنى شاریقه ‌و جێگرى ئه‌نجومه‌نى نه‌وت و ئه‌ندامیه‌تيى كونسوڵى گشتيى ئیمارات له‌ هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ژوورى بازرگانيى شاریقه‌ كرد.
له‌ دیدارێكدا باس له‌ پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و میرنشینى شاریقه‌ كرا. شێخ سوڵتان ئه‌لقاسمى خۆشحاڵيى خۆى بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌ربڕى و ده‌ستخۆشى له‌ سه‌ركردایه‌تيى هه‌رێمى كوردستان كرد بۆ ئه‌و په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنانه‌ى‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر بایه‌خى په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.
شاندى میوان باسیان له‌ ده‌سبه‌كاربوونى هێڵى ئاسمانيى (ئه‌لعه‌ره‌بیه‌) له‌ هه‌رێم و به‌شداريكردنیان له‌ پیشانگاى هه‌ولێرى نێوده‌وڵه‌تى كرد وه‌ك هه‌نگاوێكى به‌رایى بۆ په‌یوه‌ندیه‌كى درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان. هاوكات ستایشى پێشكه‌وتن و بارى ئارام و سه‌قامگیرى هه‌رێم و ده‌رفه‌ته‌كانى كار و وه‌به‌رهێنان كرد و هیوایان خواست بتوانن له‌ پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌نديى هه‌ردوولا، له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا به‌شداريى كارا بكه‌ن.
شاندى میوان باسیان له‌ واژووكردنى یاداشتێكى لێكتێگه‌یشتن كرد كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو ژوورى بازرگانيى میرنشینى شاریقه‌ و هه‌رێمى كوردستان ئیمزا كراوه‌، وه‌ك چوارچێوه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌نديى بازرگانى و ئابوورى و په‌روه‌رده‌ و كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رى بازرگانيى هه‌ردوولا له‌ هه‌ولێر و شاریقه‌.
لاى خۆيه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵيى خۆى بۆ سه‌ردانى شاندى میوان ده‌ربڕى و هیواى خواست ئه‌م هه‌نگاوه‌ ده‌سپێكى په‌یوه‌ندیيه‌كى درێژخایه‌ن بێت له‌گه‌ڵ میرنشینى شاریقه‌. هه‌روه‌ها ڕايگه‌ياند كه‌ ده‌رگاى هه‌رێمى كوردستان بۆ كۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانى شاریقه‌ كراوه‌یه‌ و ده‌توانن سوود له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌رگرن بۆ ته‌واوى بازاڕه‌كانى عیراق.
سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم سوپاسى بایه‌خى میرنشینى شاریقه‌ى كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ ویست و خواستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌ سوود له‌ ئه‌زموون و پێشكه‌وتنى هه‌موو لایه‌ك وه‌ربگرێت بۆ پێشخستنى هه‌رێمى كوردستان. هاوكات ئاماده‌یى حكوومه‌تى هه‌رێمى خسته ‌ڕوو بۆ كاركردن له‌ نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كونسوڵگه‌ريى ئیمارات له‌ هه‌رێم بۆ به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى په‌یوه‌ندیه‌كان له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا.
Top