سامى ئەرگۆشى:هەواڵى ڕێکخستنى کۆبوونەوەى نهێنی لە هەرێمى کوردستان لەبارەى ڕۆژئاواى کوردستانەوە هیچ بنەمایەکى نییە

سامى ئەرگۆشى:هەواڵى ڕێکخستنى کۆبوونەوەى نهێنی لە هەرێمى کوردستان لەبارەى ڕۆژئاواى کوردستانەوە هیچ بنەمایەکى نییە
15ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- سکرتێرى ڕۆژنامەوانیى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە وەڵامى پرسیارێکى خەبات ـ دا ئەو هەواڵە ڕەتدەکاتەوە کە ئاژانسی ANFى نزیک لە پارتى کرێکارانى کوردستان بڵاویکردۆتەوە و بە بێ بنەماى وەسف دەکات.
ئاژانسی ANF ڕۆژى 9/10/2012 هەواڵێکى بڵاوکردۆتەوە و دواتر هەندێ لە دەزگاکانى ڕاگەیاندنى ناوخۆى هەرێمى کوردستانیش بڵاویان کردەوە، گوایە لە هەرێمى کوردستان بە بەشداریى بەرپرسانى هەرێمى کوردستان، دیپلۆماتانى تورک، ئەمەریکا، ئیسرائیل و بەڕێوەبەرایەتیى هەندێک لە پارتەکانى ڕۆژئاواى کوردستان، کۆبوونەوەیەکى نهێنى دەربارەى ڕەوشى ڕۆژئاواى کوردستان ڕێکخراوە.
لە بەدواداچوونێکى خەبات ـ دا لەبارەى ئەم هەواڵەوە، سامى ئەرگۆشى سکرتێرى ڕۆژنامەوانیى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەم هەواڵەى بە بێ بنەما و دوور لە ڕاستى وەسف کرد و گوتى: تەواوى ئەم هەواڵە ناڕاستە و هیچ بنەمایەکى نییە، بە هیچ شێوەیەک کۆبوونەوەى لەمجۆرە لە هەرێمى کوردستان بەڕێوە نەچووە، چونکە پێشتر بە سەرپەرشتیى بەڕێز مەسعوود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بە ئاشکرا و بە بەرچاوى میدیاکارانەوە پارتە سیاسیەکانى ڕۆژئاواى کوردستان لە هەولێر کۆبوونەوە و لە ئەنجامدا ده‌سته‌ی باڵاى کوردى دامەزرا. لەبارەى ئەو بەڵگەیەشەوە کە لەگەڵ هەواڵەکەدا بڵاو کراوەتەوە، ئەرگۆشى گوتى: ئەمە شتێکى تەواو دروستکراو و ساختەیە و بە سایەى تەکنەلۆژیاى تازەوە، دروستکردنى شتى وا زۆر ئاسان و ئاسایى یە.
لە درێژەى لێدوانەکەیدا ئەرگۆشى گوتى: سیاسەتى هەرێمى کوردستان لە بەرامبەر سووریا و ڕەوشى ڕۆژئاواى کوردستان ڕوون و ئاشکرایە، ئەویش ئەوەیە هەرێمى کوردستان لەگەڵ هەر بڕیارێکى خەڵکى سووریادایە کە لەبارەى ئێستا و داهاتووى خۆیەوە دەیدات، دەربارەى کوردیش هەوڵدانە بۆ کۆکردنەوەى تەواوى هێزەکان بێ جیاوازى لە چوارچێوەى ده‌سته‌ی باڵاى کورددا.
Top