بارزانی بەشداری لە کۆنگرەی BDP ناکات
بەگوێرەی ئەو هەواڵە، بارزانی شاندێک بە نوێنەرایەتی خۆی دەنێرێتە دووەمین کۆنگرەی BDP، هەرچەند تا ئێستا ناوی ئەندامانی ئەو شاندە ئاشکرا نەکراوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێکەوتی 30/9/2012، بەشداری کۆنگرەی چوارەمی پارتی داد و گەشەپێدان AKPی دەسەڵاتداری کرد و سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی BDP لەو باەرەوە رایگەیاند \"بەشداری بەرێز بارزانی لە کۆنگرەی AKP لە کاتێکدایە کە رەوشی باکووری کوردستان لە رەوشێکی وەهادا نییە کە بەخۆشییەوە پێشوازی لێبکرێت. ئێمە 15 رۆژی دیکە کۆنگرە دەبەستین و هەڵویستی هێزە کوردستانییەکان بۆ کۆنگرەی BDP گرنگ دەبێت و داوا دەکەین کە بە گەرمییەوە پێشوازی لە کۆنگرەکەمان بکەن\"".
مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بەهروز گەڵالی، نوێنەری یەکێتی لە تورکیا وەک شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشداری کۆنگرەی BDP دەکەن و ئێستاش بۆ ئەو مەبەستە لە باکووری کوردستانن.
بەپێی راگەیەندراوەکانی BDP جگە لە کەسایەتی و نوێنەرانی پارتەکانی کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرۆک و نوێنەرانی پارتەکانی ناوچە و جیهان بۆ بەشداری لەو کۆنگرەیە بانگهێشت کراون و دەگوترێت کە رێبەری کوبا و سەرۆکی ڤەنزۆئێلا لە میوانانی تایبەتی کۆنگرەی BDPن.
بڕیارە کۆنگرەی نائاسایی BDP سبەی یەک شەممە، لە ئەنقەرە دەست پێ بکات.
بە گوتەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی BDP ئەو کۆنگرە نائاساییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی نوێ و پڕکردنەوەی شوێنی ئەندامانی سەرکردایەتی BDPیە کە ئێستا لە گرتووخانەکانی تورکیادان.
-رووداو"
