سه‌رۆكی هه‌رێم پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ سه‌رخستنی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی كۆمار ده‌ربڕی

سه‌رۆكی هه‌رێم پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ سه‌رخستنی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی كۆمار ده‌ربڕی
12 ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر (گوڵان میدیا)- ئه‌مڕۆ له‌ شاری هه‌ولێر جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌، تیشكی خرایه‌ دیداره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌رۆكی كۆمار له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا.

هه‌ردوو سه‌رۆك تاڵه‌بانی و بارزانی بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئێستاو لێكنزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ پرۆسه‌ی سیاسی پێیدا تێده‌په‌ڕێت.

له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا باسیان له‌ سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له‌نێویشیاندا هه‌رێمی كوردستان كرد، له‌وباره‌یه‌وه‌ ته‌ئكیدكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگیی یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌عیراق و پێویستی قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی كاری هاوبه‌ش و پاراستنی هاوپه‌یمانی ستراتیجیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ستایشی هه‌وڵه‌ نیشتمانییه‌كانی سه‌رۆكی كۆماری كرد له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ پشتگیری ته‌واوی خۆی بۆ سه‌رخستنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ ده‌ربڕی.

هه‌ردوولا هاوڕابوون و بۆچوونه‌كانیان وه‌كیه‌ك بوو سه‌باره‌ت به‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه‌ له‌ دیداره‌كه‌دا خرانه‌ڕوو.
Top