ميكانيزمێك بۆ به‌دواداچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێم و ده‌ره‌وه داده‌نرێت
له سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران، باسى له سه‌ردانى شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌رێمى ڤۆلکاپۆلسکا - ى پۆلۆنيا كرد و ڕايگه‌ياند سه‌ردانه‌كه به پيرهوهچوونى بانگهێشتێكى فهرميى هه‌رێمه‌كه بوو كه ئاراسته‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان كرا بوو بۆ به‌شدارى له كۆنفرانسێكدا ده‌رباره‌ى دۆزينه‌وه‌ى شوێنگرهوهكانى وزه. جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران ئاماژه‌ى به ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆك و به‌رپرسانى هه‌رێمى ڤۆلکاپۆلسکا - ى پۆلۆنى و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى پرۆژه و زانكۆ و ده‌زگاكانى ئه‌و هه‌رێمه كرد.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران سه‌ردانه‌كه‌ى به گرنگ له قه‌ڵه‌م دا و داكۆكى له به‌رده‌واميى ئه‌م جۆره سه‌ردانانه و گرنگيى به‌دواداچوون بۆ ئه‌و ئه‌نجام و لێكگه‌يشتن و ڕێككه‌وتنانه‌ى له‌م سه‌ردانانه ده‌كه‌ونه‌وه كرايه‌وه، به شێوه‌يه‌ك كه ميكانيزمێكى به‌دواداچوونى بۆ دابمه‌زرێت و باشتر ڕێك بخرێن بۆ ئه‌وه‌ى به فراوانترين شێوه و له هه‌موو بواره‌كاندا سوود به هه‌رێمى كوردستان بگه‌يه‌نن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوو فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوون له سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران ڕاسپێردران كه كار له سه‌ر ميكانيزمهكه بكه‌ن.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران هه‌روه‌ها جه‌ختى له سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى په‌يوه‌ندى له نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و وڵات و هه‌رێمانه‌دا كرده‌وه كه ئه‌زموونى باش و سه‌ركه‌وتوويان له بوارى بنياتنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه و گۆڕينى كۆمه‌ڵگه له كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى شموولييهوه بۆ كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى ديموكرات و كراوه‌دا هه‌يه. له‌مباره‌يه‌شه‌وه پۆلۆنيا و ئه‌و وڵاتانه‌ى پێشتر له ژێر هه‌ژموونى يه‌كێتيى سۆڤيه‌تى جاراندا بوون، ئه‌زموونێكى باش و سه‌ركه‌وتوويان هه‌يه و ده‌كرێ هه‌رێمى كوردستان سوود له ئهزموونهكانيان وه‌ربگرێت.
دواى ئه‌وه به‌رنامه‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو خرايه ڕوو كه له سه‌ر بنه‌ماى گه‌يشتن به خۆبژێنى و دابينكردنى ئاسايشى خۆراك و پاراستنى زهويى كشتو‌كاڵى و ده‌ستگرتن به سه‌رچاوه‌كانى ئاو و ناساندنى زهويى كشتو‌كاڵى و ئاو به سامانى نه‌ته‌وه‌يى دانراوه و دواى گفتوگۆيه‌كى تێروته‌سه‌ل له لايه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زيرانه‌وه په‌سه‌ند كرا. هه‌روه‌ها بڕيار درا ئه‌نجومه‌نێكى باڵاى كشتوكاڵ دابمه‌زرێت بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رپه‌رشتيى جێبه‌جێكردنى به‌رنامه و ستراتيژى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاو بكات، ئه‌مه‌ش وه‌ك گرنگيدانى حكوومه‌ت به بوارى كشتوكاڵ و ئاو كه يه‌كێكه له ئه‌وله‌وياتى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بڕيارى دانانى ليژنه‌يه‌كى ڕاوێژكارى كه له شاره‌زايان و پسپۆڕانى تايبه‌تمه‌ند پێك دێت، بۆ هاوكاريى وه‌زاره‌ت په‌سه‌ند كرد. هه‌روه‌ها لايه‌نه په‌يوه‌نداره‌كان ڕاسپێردران كه په‌له له يهكلاكردنهوهى كێشه‌كانى زه‌وى و زار بكه‌ن. وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانى ئاويشى ڕاسپارد كه بايه‌خێكى ته‌واو به ڕێنمايى كشتو‌كاڵى بدات و خولى ڕاهێنان بۆ جووتياران بكاته‌وه و گرنگيى زياتر به به‌رهه‌مه خۆماڵييه‌كان بدات.
له به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران تيشكى خسته سه‌ر سستيى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كان و بڕيارى دا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كان، په‌له له جێبه‌جێكردنى ئه‌و پڕۆژانه بكرێ كه پيشتر ڕهزامهندييان له سه‌ر دراوه و بودجه‌ى پێويستيان بۆ ته‌رخان كراوه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ليژنه‌يه‌ك به سه‌رۆكايه‌تيى جێگرى سه‌رۆك وه‌زيران پێك هێنرا بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پڕۆژانه بكرێت و له ماوه‌ى دوو مانگى داهاتوودا ده‌ست به جێبه‌جێكردنيان بكرێت.
ده‌رباره‌ى نه‌خۆشخانه‌ى (400) قهرهوێڵهيى سلێمانى، له پێناو پێشكه‌شكردنى خزمه‌تى باشتر، ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بڕيارى دا به‌ڕێوه‌به‌ردنى نه‌خۆشخانه‌كه بدرێته لايه‌نێكى تايبه‌تمه‌ندى جيهانيى پسپۆڕ له به‌ڕێوه‌بردنى نه‌خۆشخانه‌كان تاكوو بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ نه‌خۆشخانه‌كه به ڕێوه ببات و له‌و ماويهدا تيمه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ڕابهێنێت تا دواتر بهڕێوهبردنهكهى به يه‌كجارى ڕاده‌ستى وه‌زاره‌ت بكاته‌وه.
هه‌ر له بوارى ته‌ندروستيدا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران ده‌ستخۆشى له‌و تيمانه كرد كه ماوه‌يه‌كه له سه‌ر ڕاسپارده‌ى ده‌زگا پهيوهنداركانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵمه‌تى لێكۆڵينه‌وه و پشكنين و به‌دواداچوون و سزادانى سهرپێچيكارانى بوارى ته‌ندروستى و كۆنترۆلى ده‌رمان و خۆراك له خوارنگه و ده‌رمانخانه و كۆگاكانى داوده‌رمان و خاڵه سنوورييه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و هه‌موو پشتگيرييه‌كى ماددى و مهعنهوهيى حكوومه‌تى هه‌رێميان بۆ ئه‌م هه‌ڵمه‌ته و تيمه‌كانى جێبه‌جێكارى ده‌ربڕى و داواى به‌رده‌وامبوونى كرد. هه‌روه‌ها داوا له وه‌زاره‌تى ناوخۆ كرا كه به هه‌مان شێوه سزاى سهرپێچيكارانى بوارى هاتوچۆش بدات و هه‌موو ڕێكاره‌كان بگرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى شۆفێران پابه‌ندى ڕێنماييه‌كانى هاتوچۆ بن.
له كۆتايى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بڕيارى دا كه بۆ يادى بيست و پێنج ساڵه‌ى كيميابارنى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هيد و هه‌ڵمه‌ته‌كانى ئه‌نفال، هه‌موو ئاماده‌كارييه‌ك بكرێت بۆ سازدانى ڕێوڕه‌سمێكى شكۆدار به به‌شدارييه‌كى به‌رفراوانى نێوده‌وڵه‌تى كه ناودار و كه‌سايه‌تييه جيهانييه‌كان به‌شدارى تێدا بكه‌ن، تاكوو ئه‌و ياده بكرێته ده‌رفه‌تێك بۆ ئه‌وه‌ى نيشانى جيهان بدرێ ئاخۆ له ڕابردوودا چى به سه‌ر گه‌لى كوردستان هێنراوه و يادى بيست و پێنج ساڵه ببێته هه‌وڵێكى ديكه له هه‌وڵه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌پێناو ناساندنى كيمبارانى هه‌ڵه‌بجه و هه‌ڵمه‌ته‌كانى ئه‌نفال وه‌ك جينۆسايد له ئاستى نێوده‌وڵه‌تيدا.
