نێچیرڤان بارزانى بۆ نەمانى توندتیژی لە توركیا چەند پێشنیازێك دەخاتە روو

نێچیرڤان بارزانى بۆ نەمانى توندتیژی لە توركیا چەند پێشنیازێك دەخاتە روو
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەیەكى توركیا، پاڵپشتیی خۆى بۆ لێدوانەكەى ئەم دوایییەى رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانى توركیا بۆ دەستپێكردنەوەى گفتوگۆكانیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان و پارتى كرێكارانى كوردستان (پ ك ك) پێشان دا و چەند پێشنیازێكى خستە روو.
نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی دوو پرسیاری ڕۆژنامەی (ستار)ی توركیدا، چەند خاڵێكی گرینگی بۆ حكوومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ نەمانی توندتیژی و گەیشتن بە چارەسەری پێشنیاز كردووە، وارگەى سەرۆكایەتیی حگوومەت ئەم هەواڵەى گواستەوە.

لە وەڵامى ئەم پرسیارەى ئایا هەولێر هیچ ڕۆڵێكی هەبووە لە دانیشتنەكانی ئۆسلۆدا، سەرۆكى حكوومەت گوتى \"ئاگاداری گفتوگۆ و دانیشتنەكان بووین و بەردەوام پاڵپشتیی گفتوگۆمان كردووە بۆ چارەسەری كێشەكان لەپێناو چارەسەری و ڕاگرتنی خوێنڕژان لە توركیا، هەر لەو ڕوانگەیەوە پاڵپشتی لە لێدوانەكانی ئەو چەند رۆژەی دواییی سەرۆك وەزیر رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەین لەبارەى ئامادەیی بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان (سەرۆكى گرتى پارتى كرێكارانى كوردستان)\"".

بارزانى زیاتر راى گەیاند \""كورد چاوەڕێی ئەو هەنگاوانەیە كە ئاشتی دروست دەكەن، گەلی توركیش بە هەمان شێوە، كورد و تورك دەبێ خۆشەویستیان لە نێواندا زیاتر ببێ، نەك خوێنڕشتن و قسەكانی سەرۆك وەزیرانی توركیا كەشێكی لەبار بۆ ڕاگرتنی خوێنڕژان و كاولكاری دروست دەكاتەوە، چاوەڕوانی گەلی كوردیش لەو سەردەمەدا تەنیا چارەسەرێكی ئاشتییانە و سیاسییانەی كێشەی كوردە\"".

سەرۆكى حكوومەت پێى وایە ئەو هەنگاوانەی دەتوانن زەوینەسازییەكی ڕاستەقینە بۆ دروستبوونی ئاشتی بكەن ئەوانەن: چەكدانانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە ئەنجامی گفتوگۆكاندا، ڕاگرتنی هەموو هێرشێكی گەریلا و سوپای توركیا دژی یەكتر، ڕاگرتنی هەڵمەتەكانی پۆلیس بۆ سەر چالاكانى سڤیل كە بە پێی یاسا مەدەنییەكان كار دەكەن لە ‌ناوەخۆی توركیادا و باشكردنی دۆخی ژیانی عەبدوڵا ئۆجەلان و دەستكردنەوە بە گفتوگۆ لەگەڵیدا، ڕاگرتنی كەمپینە سیاسییەكانی پارتی ئاشتی و دیموكراتی (BDP) لە دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان و چارەسەركردنی كێشەی ئەو هەزاران گیراوەی لە ‌سەر دۆسیەی (KCK) گیراون و داواكراون.


لە وەڵامى ئەم پرسیارەى ئەگەر گفتوگۆ و دانیشتنی نوێ بكرێن، هەولێر هیچ ڕۆڵی دەبێ نێچیرڤان بارزانى راى گەیاند \""بۆ چارەسەری ئاشتیانە ئامادەین بۆ هەموو ڕۆڵگێڕانێك، هەرچییەك بكەوێتە سەرشانمان لە ‌ڕووی برایەتی و دراوسێیەتییەوە ئامادەین بیكەین و پێمان وایە ئەو كێشەیە كێشەیەكی سیاسییە نەك كێشەیەكی تەناهى و سەربازی، بۆیەش تەنیا بە ڕێگەچارەی سیاسییانە چارەسەر دەبێ. ئەو هێرشانەی ئێستە پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامی دەدا و هەروەها ئەو هێرشە زەوینیانەی سوپای توركیا لە ‌ناوەخۆی توركیادا دەیانكا و هێرشە ئاسمانییەكانی باڵەفڕەكانى توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان هیچ سوودێكیان نابێ بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەكە، بگرە زیان بەو پێشكەوتنانەش دەگەیەنن كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئەنجامی دیالۆگ لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە لەگەڵ ئۆجەلان و (پ ك ك)دا بە دەست هاتبوون\"".

بارزانى گوتى \""گەلی كورد لە توركیا ئەمڕۆ وەك گەلی توركیا حەز دەكا كێشەكان بە ‌شێوەیەكی ئاشتیانە كۆتایان پێ بێ و كورد و تورك لە توركیادا بە شێوەیەكی زۆر تێكەڵاوی یەكتر بوونە و كار و ژیانیان پێكەوەیە، ئەگەر زەوینەیەكی ئاشتیانە هەبێ و ئەو پێكەوە ژیانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا لە نێوان كورد و توركدا هەیە لە توركیا، لە دەستووری تازەی توركیادا لە سەر بنچینەی داننان بە یەكتر و مافەكانی یەكتر ڕەنگ بداتەوە، كێشەكە لە بنەڕەتەوە چارەسەر دەبێ و ئەوەش دەبێتە دەستكەوتێكی ترى گەورە بۆ سەرۆك وەزیران و پارتی داد و گەشەپێدان و هەردوو گەلی كورد و تورك و هەموو لایەك\"".
"
Top