ئەمینداری یەكگرتوو سبەی لە ئێرانە

ئەمینداری یەكگرتوو سبەی لە ئێرانە
24 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- گۆتیاری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رای گەیاند، سبەی سێشەم ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە یاوەریی شاندێك بە سەردانێكی رەسمی دەگاتە ئێران.

سەڵاحەدین بابەكر بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بڕیارە سبەی سێشەم شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە بانگهێشتنێكی رەسمی سەردانی ئێران بكا.

روونی كردەوە، شاندەكە محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو سەرۆكایەتیی دەكا و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیش یاوەری دەبن، شاندەكە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی باڵای ئێران دیدار و كۆبوونەوەی رەسمی ئەنجام دەدەن. بێ ئەوەی وردەكاریی پتر ئاشكرا بكا.

زیاتر گوتی، سەردانەكە رەسمییە و لەسەر بانگهێشتنی ئێرانە و لە دوای بەڕێوەچوونی كۆنگرەی 6ی یەكگرتوو ئاراستەی ئەمیندار كراوە و ئێستە سەردانە ئەنجام دەدرێ كە چەند رۆژێك دەخایەنێ.

ئەوەشی خستە روو، لەم سەردانەدا باس لە دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەكرێ.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەوان وەك یەكگرتوو هیچ داواكارییەكیان بەرامبەر بە ئێران هەیە؟ بابەكر گوتی، نەخێر هیچ شتێكی وا ناخەینە روو، وەك گوتم بە شێوەیەكی گشتی باس لە دۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكەش دەكرێ.
Top