سبەی لە خانەقین خۆپیشاندانە

سبەی لە خانەقین خۆپیشاندانە
18 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- سەرپەرشتیاری لێژنەی بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە باڵاكانی خانەقین رای گەیاند، لێژنەكەی بە هاوكاریی خەڵكی شارۆكەی خانەقین و رۆشنبیران لەسەر داخستنی گەنجینەی سووتەمەنی شارۆكەكە و دەركردنی دەیان پۆلیسی كورد، سبەینێ خۆپێشاندان دەكەن.

سەلام عەبدوڵا بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، وەك لێژنەی بەرگریكردن لە بەرژەوەندییە باڵاكانی خانەقین بە هاوكاریی هاووڵاتییانی خانەقین و رۆشنبیران لە دژی داخستنی گەنجینەی سووتەمەنی شارۆكەكە و گواستنەوەی پۆلیسە كوردەكانی ئەو گەنجینە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، سبەی چوارشەم خۆپێشاندان دەكەین.

لەبارەی داواكانیان عەبدوڵا گوتی، دەست بەجێ گەنجینەكە بخرێتەوە كار، دامەزراندنی كرێكاری نوێ، دروستكردنی بلیتی تایبەت بۆ دابەشكردنی نەوت بۆ وەرزی زستان نەك بە فۆرمی خۆراك، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون لە گەندەڵكاران و كورتكردنەوەی كاتی كاركردن بۆ 7 سەعات، خەرجكردنی كرێی كاری زیاتر بۆ كرێكاران و كارمەندان، وەزارەتی نەوت خۆی هەستێ بە گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ گەنجینە.

زیاتر گوتی، یەكێك لە داوا گرینگەكان گەڕانەوەی پۆلیسە كوردەكان بۆ شوێنی خۆیان، ئەگەر ئەم داخوازییە جێبەجێ نەكرا ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ ئەو پۆلیسانە لەسەر وەزارەتی ناوەخۆی هەرێم دامەزرێنێ.

ناوبراو بڕیاری گواستنەوەی پۆلیسە كوردەكان و داخستنی گەنجینەكە بە بڕیارێكی سیاسی ناو برد.

هەروەها گوتی، لە 7ی تەمووز/یۆلیۆی 2012ەوە گەنجینەی سووتەمەنی خانەقین كارەكانی ڕاگیراوە و بەر لەو بەروارە 30 پۆلیسی كورد گواستراوەتەوە.
Top