مەحموود محەممەد: له‌ ڕێککه‌وتنی ستراتیژیدا باسی هاوسه‌نگی کراوه‌ به‌ڵام نه‌وتراوه‌ فیفتی به‌ فیفتی

مەحموود محەممەد: له‌ ڕێککه‌وتنی ستراتیژیدا باسی هاوسه‌نگی کراوه‌ به‌ڵام نه‌وتراوه‌ فیفتی به‌ فیفتی
18 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان مەحموود محەممەد لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەی “ڕووداو”ـدا، ئاماژەی بە چەندین تەوەری گرنگی وەكوو ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی و پێوەندییەكانی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دا و هەروەها ڕوونیشی كردەوە كە ڕێككەوتننامە ستراتیژییەكە \'\'زۆر زۆر گوناحە\'\'، بەڵام بەوەیشەوە “پارتی” لەگەڵ پێداچوونەوە بەو ڕێككەوتننامەیەدایە.

ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان مەحموود محەممەد ڕایگەیاند كە ئەوەی پارتی لە سلێمانی كردی، مەبەست خۆنیشاندان نەبوو، بەڵكوو ساخكردنەوەی بیرەوەرییەكە بوو و ڕێزگرتن بوو لە تێكۆشان و خەبات و ماندوونەبوونی ئەوانەی بناخەداڕێژەری شۆڕش بوون.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی، ڕوونیشی كردەوە كە سرووشتی پارتی، سرووشتێكە لە ئارامی و سەقامگیریدا گەشە دەكات. ئەو جەختیشی كردەوە كە ئەگەر بەو شێوەیەی مامەڵە لەگەڵ هەڤاڵانی ئێمەدا كراوە، وا نەكرێ، جەماوەرمان لە سلێمانی لەوەی كە هەیە زۆر باشتر دەردەكەوێ.

مەحموود محەممەد گوتیشی كە لە مەسەلەی مالیكیـدا هەڵوێستی یەكێتی و پارتی لە كۆتاییدا وەكوو یەك بوو. هەر بۆیەیش پێی وایە كە لە نێوان سیاسەتی یەكێتی و گۆڕاندا جیاوازی هەیە. بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە درێژەی دیمانەكەیدا لەگەڵ “رووداو” پێی وایە كە هەندێك لە ئەندامانی یەكێتی لەسەر ئاستی باڵا باس لەوە دەكەن كە یەكێتی لە ڕێككەوتننامەی ستراتیژی زەرەری كردووە و سواری ئەو شەپۆلە بوون كە “گۆڕان” دروستی كردووە. ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە ئەوان وەكوو “پارتی” چەندەیش لەو ڕێككەوتننامەیە زەرەریان كردبێت، خۆیان بە سوودمەندی یەكەم دەزانن.

مەحموود محەممەد سەبارەت بە ئاییندەی ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتییش بە “ڕووداو” دەڵێت: “ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژییە زۆر زۆر گوناحە و زۆریش غەدری لێ دەكرێت.” ئەو پێی وایە كە خەڵكانێك دەیانەوێت پارتی و یەكێتی لە یەك دوور بن، بەو لێكدانەوەیەیش وایان لێ بێ كە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا زۆرینە نین.

ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە لە ساڵی 2007ـەوە تاكوو ئێستا گۆڕانكاریی زۆر گەورە لە ناوچەكە و عێراقدا ڕوویان داوە و بە بۆچوونی مەحموود محەممەد دروست و تەندروستە كە پێداچوونەوە و خوێندنەوەیەكی سەردەمیانە بۆ ئەو ڕێككەوتننامەیە بكرێت. ئەو نەیشیشاردەوە كە ئەوان وەكوو پارتی لەگەڵ پێداچوونەوە بەو ڕێككەوتننامەیەدان.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەبارەت بە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمیش، پێی وایە كە لە پێكهێنانیدا نەك پەلەیان نەكردووە، لەوانەیە دوایش كەوتبێ، چونكە پێشتر لیژنەی لە هەردوو حزبی دەستەڵاتدار لەسەر پێك هاتووە و دەنگی هەردوو لایەنیشی لەسەر بووە.

مەحموود محەممەد لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە ڕێككەوتننامەی ستراتیژی، ڕوونی دەكاتەوە كە لە ڕێككەوتننامەكەدا باس لە هاوسەنگی كراوە، بەڵام گوتوویشیانە نابێ هەموو شتێك فیفتی بە فیفتی بێت.

ئەو ئاماژە بە دەقی ڕێككەوتننامەكە سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكان دەدات، كە تێیدا هاتووە: “ئەم ڕێككەوتنە دەبێتە مایە ڕێگەگرتن لە پرەنسیپی پەنجا بە پەنجاو نابێتە هۆی بەرتەسكبوونەوەی ئازادیی سیاسی و دیموكراتی، بەڵكوو بەپێچەوانەوە.”

ئەو سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەكانیش، دەڵێت كە زۆر ڕوونە لە بەڕێوەبردنی قۆتابخانەیەكەوە تاكوو دەگاتە هەموو پۆستەكانی ئیدارەی سلێمانی و گەرمیان، كەسی پارتی تێدا نییە، بەڵام ئەوان وەك پارتی ئەو بابەتەیان زەق نەكردووەتەوە.

سەبارەت بە پێوەندییەكانی پارتی لەگەڵ “گۆڕان”، بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی پارتی ڕوونی كردەوە كە پێشتر گۆڕان هەرچی كردبا، پارتی لە ڕاگەیاندنەكانیدا لێی بێدەنگ دەبوو. ئەو گوتیشی كە لەمەودوا وا نابێت. پارتی دەستپێشخەر نابێت، بەڵام دەرباری ئەو شتانەی تەرح دەكرێن، بێوەڵامیش نابێ.

مەحموود محەممەد سەبارەت بە پێوەندییەكانی نێوان “ئێران” و “پارتی”ـیش، گوتی: “كۆماری ئیسلامیی ئێران لەوانەیە پێی باش نەبووبێت كە گۆڕانكارییەك لە حكوومەتی عێراقدا ڕوو بدات، بەڵام ئێمە لەسەر ئەو باوەڕە بووین، كە ئەگەر گۆڕانكارییەك بكرێت، زۆر سرووشتییە.” ئەو ڕوونیشی كردەوە كە دەوڵەتی یاسا خوێندنەوەیەكی پێچەوانەی لەسەر پارتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر ئەم بابەتە بە ئێران داوە.
Top