سه‌رۆكى حكوومه‌ت پێشوازى له شاندێكى UN و كونسولى گشتی به‌ريتانيا ده‌كات
له ديدارێكدا كه د.عه‌لی عوسمان سندی، وه‌زیری پلاندانان ئاماده‌ى بوو، باس له ده‌ستپێشخه‌ریه‌كانی په‌ره‌پێدان كرا كه له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به هاوكاريی تیمی ئاژانسی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ عێراق داڕێژراوه.
خاتوو بادكۆك پوخته‌یه‌كی به‌رنامه و پڕۆژه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی بۆ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خسته ڕوو و سه‌رۆكی حكومه‌تيش تیشكی خسته سه‌ر كاره له پێشینه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم و داوای له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد هاوكاريی حكوومه‌تی هه‌رێم بكه‌ن له چه‌ند بوارێكی وه‌ك به‌رقه‌راركردنی یاسای ئه‌نجامدانی نوێكاری له كه‌رتی گشتی، مافی مرۆڤ، حكومڕانیه‌تپی دروست و ژینگه و ئامار و چه‌ندین بواری ديكه. سه‌رۆكى حكوومه‌ت هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی ڕاگه‌ياند كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به شاره‌زایی و ئه‌زموونی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه، بۆیه له ڕێگای وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه ئاماده‌یی خۆیی ده‌رده‌بڕێت بۆ هاوبه‌شیكردنی خه‌رجیه‌كان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا. سه‌رۆكی حكوومه‌ت سوپاس و پێزانینی خۆيشی بۆ ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ربڕی و داوای كرد كه بوونیان له هه‌رێمی كوردستاندا زیاتر و به‌رچاوتر بێت.
لاى خۆيه‌وه خاتوو بادكۆك پیرۆزبایی له سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌و ده‌سته‌كه‌وتانه‌ی كه هه‌رێمه‌كه به ده‌ستی هێناوه و هیوای خواست حكوومه‌تی هه‌رێمی به‌رده‌وام بێت له ئه‌نجامدانی كاره مه‌زنه‌كان و ئاماده‌یی ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی بۆ كاركردنی زیاتر له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته په‌یوه‌نداره‌كانی هه‌رێم؛ ده‌بڕی.
دواى ئه‌وه‌ش نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له هیوو ئیڤانس كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له هه‌رێمى كوردستان كرد و هه‌ردوولا باسيان له ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه كرد و تیشكيان خسته سه‌ر پته‌وكردنی زياترى په‌يوه‌ندييه دووقۆڵييه‌كان.
له دیداره‌كدا كه د.عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندانان ئاماده‌ى بوو، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان باسی له بایه‌خی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌نديی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا كرد و هیوای خواست كۆمپانیا و دامه‌زراوه زانكۆييه‌كانی به‌ریتانیا زیاتر بوونیان له هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت. هاوكات پشتگیريی خۆی بۆ به‌رنامه‌ی مه‌شق و ڕاهێنان دووپات كرده‌وه كه به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌ی نیشتمانيی به‌ریتانی له هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام ده‌درێت. كونسوڵی گشتی به‌ریتانیاش پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رده‌وامیدان به په‌یوه‌ندءیه‌كان و هاندانی كۆمپانیا به‌ریتانیه‌كان بۆ كاری وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان؛ دووپات كرده‌وه.
هه‌ردوولا باسیان له ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و پرسه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و ته‌نگژه سیاسیه‌كانی عیراقيش كرد. له‌م ڕووه‌وه نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كان له ڕێگه‌ی پابه‌ندبوون به ده‌ستوور و ئه‌و ڕێكه‌وتننامانه‌ی ئیمزا كراون؛ دووپات كرده‌وه.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له ڕه‌وشی ئه‌مڕۆی سووریا كرا و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمى كوردستان هیوای خواست كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی مكوڕتر بێت بۆ ڕێگه‌گرتن له كوشتن و ئاواره‌كردنی هاوڵاتیانی سووریا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه چه‌ندین ساڵه مافی گه‌لی كورد له‌م وڵاته پشتگوێ خراوه، بۆیه ئه‌مڕۆ بارودۆخه‌كه ده‌خوازێ كه سه‌رجه‌م گه‌لانی سووریا به مافه‌كانیان شاد بن.
