راگه‌یاندنی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان

راگه‌یاندنی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان
9 ئەیلوول/سێڵتێمبەر (گوڵان میدیا)- دوێنێ شه‌ممه‌ به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین، به‌ ئاماده‌بوونی به‌رێزان كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و د.ئه‌رسه‌لان بایز سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و كه‌ریم شنگالی وه‌زیری ناوخۆ و ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی عه‌سكه‌ری له‌گه‌ڵ سكرتێر و نوێنه‌رانی حزبه‌ كوردستانییه‌كان كۆبووه‌وه‌و پاش تاوتوێكردنی چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی په‌یوه‌ست به‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یاندێكی كۆتایی راگه‌یاند كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

راگه‌یاندنی كۆتایی كۆبونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حیزبه‌ كوردستانیه‌كان

نیوه‌رۆی (8/9/2012) به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حیزبه‌ كوردستانییه‌كان، كۆبوه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، جگه‌ له‌ باسكردنی سه‌ردانی دوو وه‌فدی كۆنگرێس و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا و هه‌وڵوێستیان له‌سه‌ر دۆخی سوریا، عێراق و كوردستان و كێشه‌كان....

خاڵی گرنگی كۆبونه‌وه‌كه‌، باسكردنی بریاری مه‌ترسیداری دروستكردنی (قیاده‌ی عه‌مه‌لیاتی دجله‌-دیاله‌)بوو له‌لایه‌ن به‌رێز ده‌وڵه‌تمه‌داری عێراقه‌وه‌.

لایه‌ن به‌ لایه‌نی به‌شداربووی كۆبونه‌وه‌كه‌، بیروڕای خۆیان له‌سه‌ر دۆخه‌كه‌ و مه‌ترسیه‌كان و پێشینه‌ی كێشه‌كان و ئه‌نجامه‌كانی ده‌ربری.

سه‌ره‌نجامی گشتی بیروڕای كۆبونه‌وه‌، جه‌خت كردنه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر پشتیوانی كردن له‌ بریاری ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی پارێزگای كه‌ركوك، كه‌ رۆژی (7/9/2012) دژی پێكهێنانی قیاده‌ی عه‌مه‌لیاتی دجله‌، په‌سندیان كرد.

ئه‌م گه‌مه‌ سیاسی و ئه‌منی و عه‌سكه‌ریانه‌، له‌ كێشه‌ی خانه‌قینه‌وه‌، بۆ زومار، بۆ قه‌ره‌ته‌په‌، چه‌ندباره‌ بونه‌ته‌وه‌. ئه‌مجاره‌یان، به‌ دروستكردنی قیاده‌ی عه‌مه‌لیاتی دجله‌، باری ئه‌منی و عه‌سكه‌ری و سیاسی كه‌ركوك و باقی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی زیاتر و ئاراسته‌ی مه‌ترسیداره‌وه‌، بۆیه‌ ، ته‌واوی هێزه‌ كوردستانیه‌كان، داوا ده‌كه‌ن ئه‌م بریاره‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و جارێكی تریش، هه‌تا دوا برگه‌ی ماده‌ی (140) له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان جێ‌به‌جێ‌ نه‌كرێ و یه‌ك لا نه‌كرێته‌وه‌، ناكرێ ئه‌م سیناریۆ ئه‌منی و عه‌سكه‌ریانه‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌كانن و به‌ پاساوی جۆراوجۆره‌وه‌ دووباره‌ بكرێنه‌وه‌. بۆیه‌ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان، رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌ هه‌تا زووه‌ بریاره‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، هه‌تا زه‌مینه‌ش خۆش بكات كه‌ كۆبونه‌وه‌ی حیزبه‌ سیاسیه‌كانی عێراق، كه‌ وا چاوه‌روان ده‌كرێ، بكرێ، باشتر ئه‌نجام بدرێ. به‌ تایبه‌تی ناشێ هه‌موو لایه‌ك بیرمان نه‌بێ كه‌ عێراقی فیدراڵ، عێراقی هاوسه‌نگی نیشتمانی و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستور و پێكه‌وه‌سازان و راپه‌راندنی پێكه‌وه‌ی ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌. له‌م پێودانگه‌وه‌، به‌ هیچ جۆرێك ناكرێ سوپای عێراق بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ سیاسیه‌كانی ناوخۆ به‌كار بهێنرێت، نه‌خوازه‌ڵلا به‌رامبه‌ر به‌ ماده‌ ده‌ستوریه‌كان.

1- پارتی دیموكراتی كوردستان
2- یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
3- بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
4- یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان
5- بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان
6- كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان
7- حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
8- حزبی شیوعی كوردستان
9- حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
10- بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی توركمان
11- بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی چاكسازی توركمان
12- لیستی هه‌ولێری توركمان
13- بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشوری
14- ئه‌نجومه‌نی كلدان سریان ئاشوری
15- نوێنه‌ری ئه‌رمه‌نه‌كان
Top