جه‌بار یاوه‌ر: دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌، کێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ ناوچەکه‌دا دروست ده‌کات

جه‌بار یاوه‌ر: دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌، کێشه‌ی گه‌وره‌ له‌ ناوچەکه‌دا دروست ده‌کات
5 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕایگەیاند، بابه‌تی سه‌ره‌کیی کۆبوونه‌وه‌ی دوێنێی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و جێگرەکەی و پارێزگاری کەرکووک، له‌ باره‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ تایبه‌ته‌ی که‌رکووک و ئه‌و بڕیاره‌وه‌ بوو کە له‌ لایه‌ن نووری مالیکییه‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌ ده‌رچووه‌. یاوەر گوتی \"ئێمەیش وا لێکی ده‌ده‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ئاسایش له‌ ناوچەکه‌ سه‌قامگیر بکات، به‌ره‌و ئاڵۆزیی زیاتری ده‌بات.\""
ئێواره‌ی دوێنێ، سێشه‌ممه‌، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ کۆسره‌ت ره‌سووڵ عه‌لی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم و وه‌زیر و جێگری وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و پارێزگار و به‌رپرسانی پارێزگا و ئێداره‌ ئه‌منیه‌کانی که‌رکووک کۆ بۆوه‌ و باردۆخی که‌رکووک و ناوچه‌ دابرێنراوه‌کان تاوتوو کرا.
دوای کۆبوونه‌وه‌که‌، جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌لێدوانێکدا، گوتی: بابه‌تی سه‌ره‌کیی کۆبوونه‌وه‌که‌ له‌ باره‌ی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ تایبه‌ته‌ بوو که‌ ئێستا له‌ که‌رکووک دروست بووه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ی که‌ له‌ لایه‌ن نووری مالیکییه‌وه‌ بۆ دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌ ده‌رچووه‌.
جه‌بار یاوه‌ر، گوتی: به‌پێی بڕیاره‌که‌ی مالیکی، ئه‌م فه‌رمانده‌ییه‌ هه‌موو چالاکییه‌کانی ئه‌منی و سه‌ربازیی ئه‌م ناوچانه‌ که‌ ئه‌رکی وه‌زاره‌ته‌کانی ناوخۆ و به‌رگرین، له‌خۆ ده‌گرێت. ئه‌مه‌ش دژ به‌و بنه‌مایانه‌یه‌ که‌ پێشتر له‌ 15 خاڵدا له‌سه‌ر چۆنییه‌تیی کارکردن له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کاندا له‌سه‌ری رێک که‌وتووین.
ئه‌مینداری وه‌زارتی پێشمه‌رگه‌، گوتی: سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگاری که‌رکووک هۆشداریی ئه‌وه‌یان دابوو که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ دروست بکرێت، کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ ناوچەکه‌دا دروست ده‌کات و ناوچه‌که‌ به‌ره‌وه‌ ئاڵۆزیی زیاتر ده‌بات.
جه‌بار یاوه‌ر، هه‌روه‌ها گوتی: پێشترێ له‌ لایه‌ن‌ سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حکوومه‌تی عێراقی فیدراڵه‌وه‌‌ به‌ڵێنی درابوو ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ دروست نه‌کرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ پڕێکدا ئاگادار کراینه‌وه‌ له‌ 31/7/2012 به‌ ئیمزای مالیکی، فه‌رمانی دیوانی بۆ دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌ییه‌که‌ ده‌رکراوه‌.
ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌ره‌گه‌ی کوردستان، گوتی: وه‌ک سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دامه‌زراندنی ئه‌م فه‌رمانده‌یی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ ره‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌ و وا لێکی ده‌ده‌ینه‌وه‌ که‌ ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌لومه‌رجی ئاسایش له‌ ناوچەکه‌ سه‌قامگیر بکات، به‌ره‌و ئاڵۆزیی زیاتری ده‌بات، بۆیه‌‌ هه‌موو شێواز و رێکارێکی یاسایی و ئیداری و جه‌ماوه‌ری و رێکاری دیکه‌ش ده‌گرینه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ جێگیر نه‌بێت. به ‌تایبه‌ت له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا که‌ ئاڵۆزییه‌ک له‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها پێویسته‌ سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به‌م فه‌رمانه‌دا بچێته‌وه‌ و هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه‌."
Top