ئەمەریكا.. دیموكراتەكان ئەمڕۆ پاڵاوكى سەرۆكایەتیی دیاری دەكەن

ئەمەریكا.. دیموكراتەكان ئەمڕۆ پاڵاوكى سەرۆكایەتیی دیاری دەكەن
4 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا)- ئەمڕۆ سێشەم پارتى دیموكراتى ئەمەریكا كۆنگرەى گشتیی دەست پێ دەكا و چاوەڕوان دەكرێ لەو كۆنگرەیەدا باراك ئۆباما سەرۆكى ئەمەریكا و جۆ بایدن جێگرەكەى دووبارە بۆ هەڵبژاردنى داهاتوو بپاڵێورێن كە بڕیارە تشرینى یەكەم/نۆڤێمبەری داهاتوو بەڕێوە بچێ.

كۆنگرەى دیموكراتەكان دواى حەوتوویەك لە گۆنگرەى كۆمارییەكان لە فلۆریدا دێ كە تیایدا میت رۆمنى وەك پاڵاوكى سەرەكیی پارتى كۆمارییەكان هاتە دیاریكردن بۆ ركابەریكردنى پاڵاوكى دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنى داهاتوو، رۆیتەرز گواستیەوە.

كۆنگرەكە لە شاری شارلوت لە ویلایەتى كارۆلینا لەژێر دروشمى \"ئەمەریكایییەكان لەگەڵمانن\"" ئەمڕۆ دەست بە چالاكییەكانى دەكا و تا رۆژى پێنجشەمى داهاتوو بەردەوام دەبێ، لە دوایین رۆژدا لە رێورەسمێكدا بەڕەسمى پاڵاوكى پارتەكەیان بۆ هەڵبژردنى داهاتوو رادەگەیەنن، لە ماوەى ئەم 3 رۆژەدا نێزیكەى 6 هەزار ئەندام بەشداری لە كۆنگرەكە دەكەن.

چاوەڕوان دەكرێ لە ماوەى ئەم چەند رۆژەدا بەرپرسە باڵاكانى كۆمارییەكان زنجیرەیەك وتار لەسەر سەكۆى تایم وۆرنەر كبل ئەرینا كە جێگەى 15 هەزار كەس دەبێتەوە و دەكەوێتە ناوەڕاستى شاری شارلوت و لەژێر چاودێرییەكى توندى تەناهی، پێشكێش بكەن.

میشێل ئۆباما هاوسەری باراك ئۆباما وتارێك پێشكێش دەكا و چاودێران پێیان وایە وتارەكەى میشێل كاریگەری خۆى دەبێ، چونكە تیشك دەخاتە سەر لایەنى مرۆییی ئۆباما و هەوڵەكانى بۆ كەمكردنەوەى كاریگەرییەكانى تەنگژەى ئابووری و رێژەى بێكاری لەو وڵاتە.

دوایین ئاماری راپرسییەكان دەری دەخەن كە میشێل ئۆباما لە ئەمەریكا بووەتە كەسایەتییەكى گەورە و خاوەن جەماوەرێكى بەرفرەوانە كە 65 تا 70%ی ئەمەریكایییەكان پشتگیری لێ دەكەن، تەنانەت بە رێژەى 20% لە پێشەوەى باراك ئۆبامای هاوسەرییەوە دێ.

چاودێران پێیان وایە هەڵبژاردنەوەى ئۆباما بۆ گەڕێكى تری هەڵبژاردەكان یەكلا بووەتەوە، چونكە تا ئێستە هیچ ركابەرێكى تر لە دیموكراتەكان نەهاتووەتە پێشەوە.

جێی باسە هیلاری كلینتۆن وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكا لەو كۆنگرەیە بەشدار نابێ، چونكە ئێستە بۆ ئامادەبوون لە لوتكەى هاوئاهەنگیی ئابووریی وڵاتانى ئاسیا و زەریای هێمن بە سەردانێك چووەتە رووسیا، بەڵام بیل كلینتۆنى هاوسەری ئامادەى كۆنگرەكە دەبێ و وتارێك پێشكێش دەكا.

بڕیارە باراك ئۆباما دواى گەشتێك بۆ ژمارەیەك ویلایەتى ئەمەریكا لە چوارچێوەى هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن، سبەى چوارشەم بگاتە شارلوت بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەى پارتەكەى.

چاودێران پێیان وایە دیاریكردنى براوەى پاڵاوكى هەڵبژاردن كە لە 6ی تشرینى یەكەم/نۆڤێمبەری داهاتوو گرێ دەدرێ كارێكى ئەستەمە، چونكە هەردوو پاڵاوك لە ركابەرییەكى توند دان و لە رووى ژمارەى دەنگەوە جیاوازى ئەوتۆیان نییە.

جێی باسە بەم دواییە لە دەزگاكانى راگەیاندنەوە هەریەك لە ئۆباما و رۆمنى چەندان جار رەخنەیان لە یەكتر گرتووە، لە دوایین لێدواندا سەرۆكى ئەمەریكا رۆمنى لە رووى سیاسییەوە بە كەسێكى دواكەوتوو ناو برد و راى گەیاند، رۆمنى خاوەنى هیچ بیرۆكەیەكى نوێ نییە و سیاسەتەكانى هی سەتەى رابردوون، بەڵام رۆمنى سیاسەتى دەرەوەى ئەمەریكاى بە شكستخواردوو ناو برد و راى گەیاند، ئۆباما هەڵەى كرد لە دیاریكردنى كۆتاى 2014 بۆ كێشانەوەى هێزەكانى ئەمەریكا لە ئەفغانستان.

-ئاكانیوز"
Top