بارزانی، بۆ ئەندام و هەوادارانی پارتی: ئێوە خاوەنی مەبدەئن، خۆتان لە جنێودان دوور بگرن

بارزانی، بۆ ئەندام و هەوادارانی پارتی: ئێوە خاوەنی مەبدەئن، خۆتان لە جنێودان دوور بگرن
بارزانی لە پەیامێکیدا بۆ ئەندام و هەوادارانی پارتیی دیموکراتی کوردستان، جارێکی دی نیگەرانیی خۆی لەو زمانە زبر و شەڕانگێزنەیە دەردەبڕێت کە لە ڕێی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە، پەیامی پێ ئاراستەی یەکدی دەکەن و پێیان دەڵێت کە لە زمانی جنێودان خۆیان دوور بگرن، \"ئێوە خاوەن مەبدەئن، بۆچوونی خۆتان بە زمانی رێز و مەنتقیانه دەرببڕن.\""
سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، مەسعوود بارزانی، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە داوا لە ئەندام و هەوادارانی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەکات خۆیان لە كولتووری جنێودان و یەكتر شكاندن بە دوور بگرن. چونکە وەک ئەو دەڵێت هەر كەس خاوەن هەر بیرو باوەڕو بۆچوونێك بێت، رای خۆی بە مەنتقی دەر دەبڕێت، ئەوەی خاوەن هیچ بیرو باوەڕێكیش نەبێت پەنا بۆ جنێودان دەبات.
بارزانی هاوکات پێیان ڕادەگەیەنێت کە ئەوان خاوەنی مەبدەئن - رێبازی بارزانیی نەمر- و لەسەر ئەو مەبدەئە بڕۆن و مەنتیقیانە پەیامی خۆتان ڕبگەیەنن.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان، مەسعوود بارزانی:

\""بۆ هەموو هەڤاڵان و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان
سڵاوێكی برایانە..
هەندێ جار كە كاتم دەبێت و تەماشای فەیسبووك دەكەم، بەداخەوە دەبینم‌ كەسانێك بە زمانی جنێودان هێرش دەكەن و پەیام دەنێرن، جنێودان چەكی ئەو كەسانەیە كە بێ‌ دەسەڵات و بێ‌ رەوشتن.
هەر كەس خاوەن هەر بیرو باوەڕو بۆچوونێك بێت، رای خۆی بە مەنتقی دەر دەبڕێت، ئەوەی خاوەن هیچ بیرو باوەڕێكیش نەبێت پەنا بۆ جنێودان دەبات
، لە راستیدا ئەو جنێوانە بۆ خۆی دەگەڕێنەوە.
هەڤاڵینە..
داواتان لێ‌ دەكەم خۆتان لە زمانی جنێودان دوور بگرن، ئێوە خاوەن مەبدەئن، بۆچوونی خۆتان بە زمانی رێزو مەنتقیانه دەرببڕن و، وەڵامی خەڵكی بێ‌ رەوشت مەدەنەوە.. رێز لە خەبات و قوربانیدانی پارتەكەتان بگرن و نەچنە ئاستی ئەوان.\""
لە ماوەی ڕابردوویشدا، بارزانی، بە هۆی زمانی زبر و جنێودان لە نێوان ئەندام و لایەنگرانی پارتی و لایەنەکانی دی، بارزانی پەیامێکی هاوشێوەی ئاراستە کردن و نیگەرانی و دڵگرانیی خۆی پێ ڕاگەیاندن."
Top