پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکدا خرایە بەر باس
کۆنفراسەکە بە ئامادەبوونی ئەرسەلان بایز ،سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو کە لەلایەن رێکخراوی گەیاندن بۆ چالاکییە دیموکراسی و مافە مرۆییەکان بەهاوئاهەنگی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان رێکخرا بوو.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگوتەیەکدا رایگەیاند، \"ماوەی چەند ساڵێکە کار لەسەر پرۆژە دەستووری هەرێم کراوە ئەو ماوە کارکردنە مانای وا نییە پاش ئەوەندە ساڵە جارێکی تر گفتوگۆی لەسەر نەکرێ، چونکە دنیا گۆڕاوە و دەکرێ جارێکی تر گۆڕانکاری تێیدا بکرێ، کام بەندو خاڵی پێویستی بەهەموارکردنەوە هەیە یان کام بەندو خاڵی پێویستی بەگفتوگۆکردن هەیە دەست نیشان بکرێ، دەبێ سوود لەئەزموونی وڵاتانی دنیاش وەربگرین\"".
ئاماژەی بەوەشدا: دەستووری هەرێم پرۆژەیەکی گرنگەو دەبێ توافقی سیاسیی لەسەر هەبێ.
دواتر تاریق جامباز بەناونیشانی (وێستگەکانی ئامادەکردنی دەستووری هەرێم و مافی نەتەوەکانی تر لەدەستووری هەرێم) وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: لەساڵی 1991 لەلایەن 15 کەس کە 13 کەسیان یاساناس بوون 2 پرۆژەی دەستووری هەرێمیان ئامادە کردووە، دەکرا لەلایەن ئەو لیژنەی پێداچوونەوەی بەو پرۆژەیە کرد، جارێکی تر دەستکاری بکاتەوە.
زیاتر گوتی، لەپرۆژەی دەستووری هەرێم لەبەرامبەر نەتەوەکان دەستەواژەی زۆرینە نەهێڵدرا کە ئەمە شتێکی گرنگ بوو دان بەنەتەوەکانی هەرێمی کوردستان نراوە، لەپرۆژەی دەستووری هەرێم 11 کورسی وەک کۆتا دەست نیشان کراوە.
هەروەها گوتی، پشت بە50 دەستووری وڵاتانی دنیا بەستراوە و بەسەدان هەزار وێنەی پرۆژەکە بەسەر توێژینەکانی کۆمەڵگە دابەش کراوە، توانراوەش دەستوور بەخەڵکی کوردستان بناسرێ کە ئەمەش شتێکی گرنگ و 5 ماددەش بۆ مافی نەتەوەکان دیاری کراوە."
