رۆژی پێشمەرگە دیاری نەكراوە
پێشمەرگە لای كورد هێمایە بۆ بەرگری و قارەمانی بەدەستهێنانی ئەو حوكمڕانیە كوردییەی ئێستە لە چوارچێوەی عێراقدا بوونی هەیە، ئەویش دوای دەیان ساڵ خەبات لە دژی رێژیمی عێراق بە سەرۆكایەتیی سەدام حوسێن /لەداردراو/، ئێستە ئەو هێزە بەپێی دەستووری عێراق بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، بەڵام كێشەیان لەگەڵ ناوەند لەبارەی بودجە و چەكەوە هەیە.
جەبار یاوەر ئەمڕۆ یەكشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم پێشنیازەكانی كۆنفرانسی دیاریكردنی رۆژی پێشمەرگەی ئاراستەی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەكە كردووە.
روونی كردەوە، دیاریكردنی رۆژێك بەناوی پێشمەرگە لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستانە، بەڵام پێویستە بە بڕیارێك رۆژەكە دیاری بكرێ و دواتر رەوانەی پەرلەمان بكرێ تا گفتوگۆی لەسەر بكەن و پەسندی بكەن.
\""ئێمە دەسەڵاتی ئەوەمان نییە هیچ رۆژێك دیاری بكەین یاخۆ پێشنیازیش بكەین، بگرە ئەو رێوشوێنە دەبێ وەك پرۆژەیاسایەك لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێم یاخۆ حكوومەتی هەرێمەوە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێ\"" یاوەر گوتی.
كۆنفرانسی پێشمەرگە لە سێ مانگی رابردوودا لە هەولێر بەڕێوە چوو، تیایدا نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئامادە بوون، بەڵام نەیانتوانی رۆژێك پێشمەرگە جێگیر بكەن.
لای خۆیەوە تاریق جەوهەر راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ (ئاكانیوز) گوتی، تا ئێستە لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتەوە هیچ پێشنیازێكی لەو شێوەیە ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە بۆ ئەوەی ئێمە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بكەین.
"
