وەزارەتى کارەبا: مانگى داهاتوو کارەباى نیشتمانى زیاد دەکرێت

وەزارەتى کارەبا: مانگى داهاتوو کارەباى نیشتمانى زیاد دەکرێت
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى کارەباى هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە دوو مانگى هاویندا نزیکەى 23 کاتژمێر کارەباى نیشتمانى دراوەتە هاوڵاتیان و بەرنامەش دانراوە مانگى داهاتوو/ ئەیلول بیست و سێ کاتژمێر و نیو کارەباى نیشتمانیان پێبدرێت.

بەڕێوەبەرى گشتى کۆنتڕۆڵى کارەبای هەرێم، ئومێد محەمەد، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: \"لەسەرەتاى مانگى حوزەیرانەوە دەستمان بە جێبەجێکردنى بەرنامەى پێدانى کارەباى وەرزى هاوین کردووە و سەرەتا رامانگەیاند دەتوانین لەو وەرزەدا رۆژانە 22 کاتژمێر کارەبا بدەینە هاوڵاتیان، بەڵام خۆشبەختانە لەماوەى ئەو دوو مانگەدا توانیومانە بە تێکرایى 22 کاتژمێرو 43 خولەک کارەبا بە هاوڵاتیان بدەین و ئەوەى تریش بە کارەباى مۆلیدە پڕکراوەتەوە\"".
ئومێد محەمەد، گوتى: بۆ مانگى داهاتووش / ئەیلول بەرنامەمان داناوە کە رۆژانە بیست و سێ کاتژمێر و نیو کارەباى نیشتمانى بدەینە هاوڵاتیان و پێشدەچێت لەو رێژەیە زیاتریش بدەین بەتایبەت چونکە پلەکانى گەرما روو لە دابەزین دەکەن.
بەڕێوەبەرى گشتى کۆنتڕۆڵى کارەبا، باسى لەوەشکرد، گرفتى وێستگەى گەڕەکەکان و پێویستیی سیانەکردنەوە و کوژاندنەوەى وێستگە کارۆئاوییەکان لەکاتى پێویستیدا، وایانکردوە کە لە گەڕەکێک یان ناوچەیەک کارەبا بە شێوەیەکی کاتی بۆ ماوەى چەند دەقەیەک بکوژێتەوە.
ئەو بەرپرسەى وەزارەتى کارەباى هەرێم راشیگەیاند، ئێستا هەرێمى کوردستان 2300 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، 200 مێگاواتى بە پارێزگاى کەرکوک و 550 مێگاوات بە پارێزگاى موسڵ دەدات و ئەوەى تر خۆى بەکارى دەهێنێت. لە هەوڵیشدا دەبین لەرێگەى جێبەجێکردنى پلانەکانمانەوە زیاد لە پێویستى خۆمان لە داهاتوویەکى نزیکدا کارەبا بەرهەم بهێنین."
Top