دوای پشوو، پەرلەمان 40 پڕۆژەیاسا دەخاتە بەر باس
ئەندامى پەرلەمانى کوردستان، ئەحمەد وەرتى، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: دواى دوو مانگ لە پشووى هاوینە، بڕیارە لەسەرەتاى مانگى داهاتوو/ ئەیلول دانیشتنەکانى پەرلەمانى کوردستان دەست پێبکەنەوە، بەڵام مەرج نیە رۆژەکە بە دیارى کراوى 1 / 9 بێت\".
ئەحمەد وەرتى گوتى: سەرەتاى دانیشتنەکانى پەرلەمان بە کۆبونەوەى پەرلەمان دەستپێدەکات کە تیایدا بەرنامەى کارى پەرلەمان تاتوێ دەکرێت و 40 پڕۆژەیاسا کە پێشتر خوێندنەوەى یەکەمیان بۆ کراوە، یان راپۆرتیان لەسەر ئامادە کراوە، ئامادەن بۆ ئەوەى لەکاتى هاتنەوەى دەوام پەسند بکرێن یان خوێندنەوەى دووەمیان بۆ بکرێت و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.
وەرتى روونی کردەوە، زۆربەی ئەو پڕۆژە یاسایانە هەرچەند خوێندنەوەى دووەمیشیان بۆ کراوە، بەڵام بەهۆى رێککنەکەوتن لەسەریان پەسندنەکراون یان نەخراونەتە بوارى جێبەجێکردن، لەوانە یاساى دەستخستنى زانیارى، کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پاریزگاکان، پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمان و زۆر پڕۆژەى تر کە هیوادارین لەو خولەى دانیشتنى پەرلەمان بجوڵێندرێنەوە بۆ ئەوەى پەسندبکرێن.
"
