دووەمین کۆنفڕانسى ناساندنى تاوانەکانى رژێمى بەعس بەرانبەر کورد لە مانگى داهاتوو بەڕێوە دەچێت
گوتەبێژى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێمی کوردستان، فوئاد عوسمان، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند:\" ئەو کۆنفڕانسە دووەمین کۆنفڕانسە کە لە پێناو بەنێودەوڵەتیناساندنى تاوانەکانى رژێمى بەعس بەرانبەر کورد سازدەکرێت و ئێستاش بە هاوبەشى لەگەڵ وەزارەتى مافى مرۆڤى عێراق ئامادەکارى بۆ دەکەین\"".
فوئاد عوسمان گوتى، کۆنفڕانسەکە لە رۆژانى 17 – 20 ى مانگى داهاتوو/ ئەیلو لە جنێف بەبەشدارى نوێنەرى ژمارەیەک وڵات دەبەسترێت. تیایدا چەندین وتارو بەڵگەنامەو فیلم و چالاکى تایبەت بە دەرخستنى تاوانەکانى بەعس کە لە سەدەى رابردوو بەرانبەر هاوڵاتییانی کورد ئەنجامى داوە، پێشکەش دەکرێن.
گوتەبێژى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، جگە لەو کۆنفرانسە، کۆنفڕانسى تر دەبەستین و لێیان بەردەوام دەبین تا ئەو کاتەى بەرەسمى و لەسەر ئاساتى جیهان تاوانەکانى رژێمى بەعس کە دەرهەق بە هاوڵاتیانى بێتاوانى کورد ئەنجامى داوە، دەناسرێن."
