مهسرور بارزانی: پارتی توانای مرۆڤیی زۆری هەیە و پێویستە بە بەرنامە سوود لەم توانایانە وەربگیرێت
ئهمهش دهقی پیرۆزبایینامهكهیه:
بە بۆنەی یادی شەست و شەش ساڵەی دامەزراندنی پارتی و ساڵرۆژی لەدایک بوونی جەنابی سەرۆک بارزانی، گەرمیترین پیرۆزباییم ئاراستەی باوکی خۆشەویستم جەنابی سەرۆک بارزانی و تاکە تاکەی کادیر و ئەندام و لایەنگرانی خۆشەویستی پارتی دەکەم.
لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایی و سڵاو و رێزی تایبەتم بۆ پێشمەرگە قارەمانەکان و خانەوادەی سەربەرزی شەهید و ئەنفالکراوان هەیە. ئەم دەسکەوتانەی گەلەکەمان ئەنجامی قوربانیدان و تێکۆشانی ئەم ئازیزانەیە و ئەوان شایەنی خزمەتی زیاتر و شایستەترن و پاڵپشتی هەموو داواکاریەکانیانم و دەبێت ئەم خۆشەویستانە لە ڕیزی پێشەوەی سەرنج و بایەخدانی لایەنە حیزبی و حکومییەکان بن .
دامەزراندنی پارتی لە کایەی خۆیدا بۆ گەڕاندنەوەی ئومێد و یەکخستنی هێزی کورد بوو، ئێستاش کە هەنگاوی زۆرمان ناوە و دەسکەوتی زۆر بۆ کوردستان بەدی هاتوون، هێشتا پێویستیمان بە یەکڕیزی و یەکخستنی هێز و تواناکانمانە، بۆیە جەخت لەسەر تەبایی ناوماڵی کوردستانی دەکەینەوە تاکو بە هەوڵ و کۆششی گشت لایەک، لەم بارودۆخە هەستیارەدا، بەرژەوەندییەکانی گەل ونیشتمان بپارێزین و دۆزە ڕەواکەمان زیاتر بەرەوپێش ببەین.
پارتی لە ئەرکی پاراستنی دەسکەوتە بەدیهاتووەکان و پێشکەوتنی زیاتر و خزمەتی فراوانتری خەڵک بەبێ جیاوازی بەردەوام دەبێت. پارتی نەک بە بەڵێن و قسە و دروشم وهەوڵی ناشرین کردن و شێواندنی مێژوو، بەڵکو بە دڵسۆزی و فیداکاری و خەبات و کردار، سەرقافڵەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بووە و لە ژێر سەرکردایەتی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، لەسەر ئەم بیر و باوەر و ڕێڕەوەش بەردەوام دەبێت.
پارتی هەڵگری ڕێبازی بارزانییە، ئەو ڕێبازەی کڕۆکی بەرنامەی خەباتی، خزمەتی گەل و نیشتمانە. پێویستە زیاتر وریا بین تاکو لەم ڕێبازە و ئەم ئامانجە لانەدەین. پارتی حیزبێکی کراوەی نیشتمانییە و جێگەی هەر کەسێکی کوردستانیی تیادا دەبێتەوە، بۆیە دەبێت کادیرانی پارتی زیاتر لە خەلک نزیک بن و ئاوێتەی ژان و ژیانیان و خۆشی و ناخۆشییان بن و خەمی گشت پێکهاتەکانی کوردستان خەمی ئەوان بێت.
پێویستیمان بە چاکسازی و ئاوڕدانەوە لە ڕەوشی پارتییە. هێز و کاریگەریی جەنابی سەرۆک و پارتی لە مەیدانی سیاسیی دەڤەرەکەدا بەرجەستە و دیارە، دەبێت ڕەوشی ناوخۆی پارتیش لە ئاست ئەو کاریگەری و هێزە بێت.
پارتی توانای مرۆڤیی زۆری هەیە و پێویستە بە بەرنامە سوود لەم توانایانە وەربگیرێت. رێز و پێزانینم ئاراستەی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە بە خەباتی خۆیان پارتییان گەیاندۆتە ئەم قۆناغە. ئێستاش گەنجانی پارتی درێژەپێدەری ئەو خەبات و تێکۆشانەن و گوڕ و تینی زیاتریان بە کۆڕی خەباتی پارتی داوە. ئەم توانا گەنجانە گەورەترین سەرمایەی پارتین. لەم بۆنەیەدا داواکارم بواری زیاتر برەخسێنرێت بۆ ئەوەی گەنج و لاوانمان بتوانن زیاتر تواناکانیان لە ڕیزەکانی پارتیدا بخەنە گەڕ. ئومێدی زۆرم بە توانای ئەم گەنجانە هەیە و ئایندەی پارتی لە سایەی توانا و تامەزرۆییان بۆ خەبات و تێکۆشان ڕۆشن دەبینم.
لەم یادەدا سەری ڕێز و نەوازشت بۆ ڕوحی پاکی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنوێنم و ئاواتەخوازم گشت لایەکمان بتوانین بە یەکڕیزی و تەبایی درێژەپێدەری ڕیبازی ئەم شەهیدانە بین و تێبکۆشین بۆ دەستەبەرکردنی هەموو مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و ئەو ئامانجانە بەدی بهێنین کە ئەم ئازیزانە گیانیان لە پێناودا بەخت کردووە.
هەر شکۆدار بێت ئەم یادە و بۆ پێشەوە بەرەو بەختەوەری و سەرکەوتنی زیاتر .
مەسرور بارزانی
١٥/٨/٢٠١٢
