پەكەكە: لە هاتنە ناوەوەی هێزی توركیا بۆ سووریا دەستەوەستان نابین
ئەردال لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ وارگەی ئەلیكترۆنیی ڕۆژنامەی \"ئەلسەفیر\""ی لبنانی، پێی وایە گەلی سووریا بە كورد و عەرەبیەوە پێشوازی لە هەنگاوێكی لەو شێوەیەی توركیا ناكەن.
جەخت دەكا لەوەی هەر دەستوەردانێكی توركیا و بەهەر بیانوویەكەوە بێ، دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی شەڕی ناوەخۆیی لە سووریادا، بگرە ئەو دەستێوەردانە دەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیری و ئاشتی لە سەرانسەری ناوچەكەدا.
ئەو سەركردە سەربازییەی پەكەكە باسی ئەوەشی كرد، ویستی مێژووییی توركیا و ئاراستەكانی حكوومەتەكەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ڕێگرن لە بەردەم توركیادا كە ڕۆڵێكی ئەرێنی و بێ لایەن لە شۆڕشەكەی سووریادا ببینێ.
ئەوەش دەڵێ، ئەو هێزە زۆرەی توركیا لەسەر سنووری سووریادا، ویستەكانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە گەلی سووریا بە گشتی و گەلی كورد بەتایبەتی ئاشكرا دەكا، چونكە توركیا هەڵوێستی دوژمنكارانەی بەرامبەر بە داواكاریی گەلانی سووریا بۆ ئازادی و ژیانی خۆشبەختانە هەیە.
دواتر ئەردال ئاماژەی بەوەش دا، پێمان وایە خۆ بەڕێوەبەردنی دیموكراسی بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و كولتوور و ئاین و نەتەوە جیاوازەكان لەو وڵاتەدا باشترین چارەسەرە.
ئاكانیوز"
