رێنمایى بۆ زیادکردنى مووچەى شەهیدی هاووڵاتی دەردەچێت
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى حکوومەتی هەرێم ، فوئاد عوسمان، بە ئاژانسى هەواڵى پەیامنێرى راگەیاند: \"بڕیارى زیادکردنى مووچەى شەهیدی هاووڵاتی دراوە کە مووچەکەیان لە 180 هەزار دینارەوە بکرێتە 250 هەزار دینار و بۆ جێبەجێکردنىشی لیژنەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتمان و وەزارەتى دارایى پێکهاتووە کە رێنمایى پێویست دەردەکات.\""
فوئاد عوسمان گوتى، بەپێى یاساى بودجەى ئەمساڵ بێت، زیادکردنەکە لە سەرەتاى ئەمساڵەوە هەژمار دەکرێت، \""بەڵام ناتوانین ئەوە بە تەواوەتى بڕیار بدەین چونکە بڕیارى کۆتایى و بڕ و کاتى خەرجکردنى ئەو زیادەیەى مووچەیە لاى لیژنەکەیە کە رێنماییەکانى جێبەجێکردنى بڕیارەکە دەردەکات.\""
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، بەڵام بۆ شەهیدانى جینۆساید و سەنگەر و بوارەکانى تر پڕۆژەیاسایەکى تایبەتمان ئامادە کردووە و بۆ جێبەجێکردنیشی، بەهەمان شێوە لیژنەیەکى هاوبەش لە نێوان وەزارەتمان و وەزارەتى دارایى پێکهێندراوە کە ناوەڕۆکەکەى دابینکردنى خزمەتگوزاریى جۆراوجۆر و زیادکردنی مووچە و دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و زۆر بابەت و مافى ترى پێویستە بۆ کەسوکاری شەهیدان."
