سەرۆکی حکوومەت: ئامادەی تەواومان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ عێراق
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، ئەوەی ھەرێم دەیکات لەبارەی نەوتەوە، لە چوارچێوە دەسەڵاتی دەستور و یاسایە و گرێبەستەکانی یاساییە ، بە دڵنیا بوون لەو بارەوە ، ئەو کۆمپانیا بەناوبانگانەی جیھان نایەن ھەرێم ئەگەر ئێمە پاڵپشتێکی یاسایی و دەستوریمان نەبێت، ئەمەش باشترین وەڵامە.
وتیشی: ئەوەی بەغدا باسی دەکات چیرۆکێکی کۆنە، باشترین چارەسەر ئەوەیە بەغدا دانیشتن لەگەڵ ھەرێم بکات بۆ یەکلا کردنەوەی ئەو بابەتە ، لەچوارچێوی عێراق ئێمەش ئامادەیی تەواومان ھەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەوت، ڕێگای ڕاست ئەوە نییە تۆ کۆمپانیا بخەیتە لیستی ڕەشەوە ڕێگای ڕاست ئەوەیە کە دانیشی گفتوگۆ بکەیت، ئێمە ھیوادارین کە ئەم مانگە نەوتمان ھەناردە کردووە بەغدا پارەی کۆمپانیاکانی نەوت بدات کە لەھەرێم کاریان کردووە.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا بارزانی گوتی، ھیچ کێشەیەکمان لەسەر گرێبەست نەوتیەکان نیە لەرووی روونی و شەفافی چونکە کاتی خۆی کاک دکتۆر بەھەرم لە کابینەی شەشەم ھەمووی لەسەر ئەنتەرنێت بڵاو کردەوە و ھەرکەسێک دەتوانێ سەیری بکات، لەوە شەفافتر زیاتر چی، شەفافترین گرێبەست, گرێبەستەکانی ئێمەن من بەرپرسیارم لێی.
لەبارەی پرسی داھاتەوە گوتی:یەک دینار داھاتی نەوت بزر نییە ھەمووی دیارە وەکو باس دەکرێت کە دەڵێن ونە، داھاتی چوار ملیار دۆلار نیە وەکو باس دەکرێت ، بەڵکو وەزیری سامانە سروشتیەکان باسی لەو کردەو کە ئەگەر ھەموو گرێبەستەکەمان تەواوببێت ، داھاتەکە بۆ حکوومەت ٤ملیار دۆرلار دەبێت ، بەڵام ئەو نەیوتوە ئێستا چوار ملیاری دۆلاری دەستەکەوتوە، ئەم داھاتەشمان نەخستۆتە ناو بودجەوە، چونکە ئەگەر بخرێتە ناو بودجەوە حکوومەتی عێراق لەبودجەکەی ئێمە دەبڕێت،بەڵام پارەکەش بۆ چەندیت پڕۆژە خەرجکراوە لەوانەی پرۆژەی ئاوی دھۆک و پرۆژەکانی گەرمیان و خانوو لە گەرمیان و ھەڵەبجە، بۆیە ھەموو ئاشکرایە و دەزاندرێ لە ئایندە و دەبێ پەرلەمانیش بزانی چۆن سەرف کراوە.
لەسەر پرسی دەستووری ھەرێم گوتی\" بۆچونی ئێمە ئەوەیە دەبێ ھەوڵبدەین ھەمو لایەنەکان و کۆمەڵگا کۆکبین لەسەر دەستور، چونکە تەنیا بە یەک کەس و لایەنێک و حزبێک نییە ، بەڵکو بۆ ئەم وڵاتەیە ، دەستورێکمان دەوێ ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵگای ڕامان لەسەری بێت ، ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێم ھیچ خەتێکی سورمان نییە بۆ وەرگرتنی تێبینی ، ئەویش لەچوارچێوی دەوڵەمەندکردنی دەستور."
