سه‌رۆكى حكومه‌ت نیگه‌رانه له‌باره‌ی ئه‌و زوڵمه‌ی له ئافره‌تان ده‌كرێ
دواى نیوه‌ڕۆى رۆژی دووشه‌ممه 6ى ئابى 2012، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى خانمانى كوردستانی له هه‌ولێر كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌كه كۆ بووه‌وه.
بڕیاره ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ش بۆردێكی تایبه‌ت به چاودێریی مافه‌كانی ئافره‌ت به سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كۆ بێته‌وه بۆ گفتوگۆ و به‌دواداچوونی پرسی ژن له ژێر ڕۆشنایی ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌ی گه‌رمیان به تایبه‌تی و كوردستان به گشتی.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی خانمان، سه‌رۆكى حكومه‌ت نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و \""زوڵمه\"" زۆره‌ی به ناوی نه‌ریت و بیروباوه‌ڕی چه‌وت و \""شهڕهفپارێزیه\""وه به‌رامبه‌ر به ژنانی كوردستان ده‌كرێت ده‌ربڕی و جه‌ختی له سه‌ر ئیراده‌ی سیاسیی كابینه‌كه‌ی كرده‌وه له كاركردن و چاككردنی ڕه‌وشی ژنان له كوردستان. هه‌روه‌ها ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ر تا ئێستا ڕاسته‌وخۆ كاره‌كانی ڕانه‌گه‌یاندبێت، له‌به‌رئه‌وه بووه كه دوای ده‌ستبه‌كاربوونی له كابینه‌ی حه‌وته‌م له ڕێگه‌ی ڕاپرسی و به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی، خوێندنه‌وه‌یه‌كی وردی بۆ واقیعه‌كه كردووه تا بتوانێ به باشترین شێوه سیاسه‌ت و پلانی كاری داهاتووی له‌مه‌ڕ مه‌سه‌له‌كانی ژنان دابڕێژێت و ئاراسته‌ی بكات.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا، نێچیرڤان بارزانى گوێى له سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌و ده‌زگا حكومییه گرت، تا به تێكهه‌ڵكێش له‌گه‌ڵ لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه تایبه‌ته‌كانی خۆیدا، باشترین ستراتیژیه‌تی كار و جێبه‌جێكردن دابڕێژێت كه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به ڕای گشتی كوردستانی راده‌گه‌یه‌نێت. دواتر بڕیاره سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست كۆ بێته‌وه.
هه‌ر له كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی باڵای خانمان په‌خشان زه‌نگه‌نه و چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه په‌نجه‌یان خسته سه‌ر كه‌موكوڕیه‌كانی ئه‌نجوومه‌ن له ڕووی یاسایی و دامه‌زراوه‌یی و جێبه‌جێكردنه‌وه. هه‌وروه‌ها باسی ئه‌وه‌یان كرد كه ئه‌وان پێویستیان به ئیراده‌ی سیاسی و بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران هه‌یه تا بتوانن چالاكانه‌تر كار بكه‌ن و ستراتیژیه‌تی خۆیان بخه‌نه بواری كردهنیهوه.
له كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى هه‌موو پشتگیرییه‌كى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌نجوومه‌نى خانمان و پرسى ژنان له كوردستان دووپات كرده‌وه و ڕایگه‌یاند كه حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان كار بۆ ئاماده‌كردنى یاسایه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه ده‌كات و هه‌موو پێداویستیه‌كان بۆ كاراكردنى زیاترى ده‌زگاكه دابین ده‌كات.
رووداو
"
