هه‌رێمی كوردستان ده‌رگا به‌ڕووی كۆمپانیاكانی روسیا واڵا ده‌كات
ئێواره‌ی دوێنێ 31-7 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ئاماده‌بوونی عیماد ئه‌حمه‌د جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، پێشوازیكرد له میخائیل بۆ‌گدانۆڤ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی روسیای فیدراڵ بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه و وه‌فدێكی یاوه‌ری.
له دیدارێكدا كه كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆ، د.ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌بوون، نێچیرڤان بارزانی ئاماژه‌ی به گرنگیی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و روسیای فیدرال كرد و رایگه‌یاند: ئێمه به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانینه په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ روسیای فیدڕاڵ و دڵنیاین ده‌رفه‌تی گونجاو بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانمان هه‌یه.
هاوكات باس له په‌یوه‌ندی مێژوویی و له مێژینه‌ی نێوان هه‌ردوولادا كرا و تیشكیش خرایه‌سه‌ر چۆنیه‌تی سودوه‌رگرتن له‌و په‌یوه‌ندییانه بۆ قۆناغی داهاتوو.
هاندانی كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی روسیا بۆ هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی بره‌ودان به هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوانیان له بواره جۆراوجۆره‌كان له‌پێناو سوودو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو.
له دیداره‌كه‌دا نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی روسیای فیدراڵ ته‌ئكیدیكرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا و ئاره‌زووی زۆریشی هه‌یه بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌سه‌ر بنه‌مای سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش هه‌یه.
وتیشی: گه‌ل و حكومه‌تی روسیا هاوسۆزییه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستاندا هه‌یه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له نیو سه‌ده.
هاوكات ستایشی ره‌وشی ئارامی كوردستان و ئه‌و پێشكه‌وتنه به‌رچاوانه‌ی كرد كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌ده‌ستهاتوون.
میخائیل بۆ‌گدانۆڤ داوهتنامهیهكیشی له سه‌ركردایه‌تی روسیای فیدڕاڵه‌وه ئاڕاسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ سه‌ردانیكردنی ئه‌و وڵاته و سه‌رۆكی حكومه‌تیش داوه‌تنامه‌كه‌ی قبوڵكرد.
نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان ده‌رگای واڵایه بۆ كۆمپانیاكانی روسیا و ده‌توانن به گوێره‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان و له‌پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو گه‌لی دۆست له‌سه‌ر ئاسته جیاجیاكاندا به‌شداری له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدانی هه‌رێمدا بكه‌ن.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا گفتوگۆ كرا ده‌رباره‌ی قه‌یرانی سیاسیی عیراق و پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌وڵه‌كان بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كاندا، له‌م باره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانی پابه‌ندبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی به ده‌ستوری عیراق دوپاتكرده‌وه و رایگه‌یاند: باشترین رێگه‌چاره بۆ كێشه سیاسییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ ده‌ستور و جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتننامه سیاسییه‌كانه بۆ مسۆگه‌ركردنی هاوبه‌شیی راسته‌قینه له پرۆسه‌ی حوكمڕانی له وڵات‌دا.
