جه‌بار یاوه‌ر: ئه‌گه‌ر هه‌رێم نیازی گرێبه‌ستی کڕێنی چه‌کی هه‌بێت، به‌ ئاشکرا و به‌پێی یاسا ئه‌نجامی ده‌دات

جه‌بار یاوه‌ر: ئه‌گه‌ر هه‌رێم نیازی گرێبه‌ستی کڕێنی چه‌کی هه‌بێت، به‌ ئاشکرا و به‌پێی یاسا ئه‌نجامی ده‌دات
ئه‌گه‌ر هه‌رێم نیازی گرێبه‌ستی کڕێنی چه‌کی هه‌بێت، به‌ ئاشکرا و به‌پێی یاسا ئه‌نجامی ده‌دات هەولێر ١ـی ئاب/ئۆگۆتس (PNA) ـ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، رایگه‌یاند، ئەگەرحكومەتی هەرێمی كوردستان نیازی ئیمزاكردنی گرێبەستی چەككرینی هەبێت، ئەوە بە شێوەێكی یاسایی و بە ئاشكرا و بەپشتبەستن بەبرگەی 5ی مادەی 21ی دەستور و بە‌بێ دوودڵی و ترس لە هیچ كەس و لایەنێك، ئەو كارە ئەنجام دەدات و لەو بارەوە قەت هانا بۆ رێگای نایاسایی نابات. ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە \"جەبار یاوەر\"" كە هاوكات ئەندام و گوتەبیژی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێمە، رونكردنەوەێك سەبارەت بە هەندێ تۆمەتی نارەوای (عەلی الدەباغ گوتەبێژی حكومەتی عیراق) بڵاودەكاتەوە كە ئەمەی خوارەوە دەقی رونكردنەوەكەیە:

دیارە لەم رۆژانەی دواییدا و بە هۆی ئەو کەشە ئاڵۆزە و هەلەومەرجی شڵەژاوی ناوچەكە بە گشتی و نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق بەتایبەت، گوێمان لە هەندێ دەنگی نەشاز دەبێت كە بە ئارزووی خۆیان و بە بێ‌بوونی هیچ بنەمایەكی راستی و بەڵگەی سەلمێنەری پێویست، چەندەها پرۆپاگەندە و تۆمەتی ناڕەوا و درۆ و بۆختان بۆ هەرێمی كوردستان هەڵدەبەستن. بە تایبەت ئەو درۆ و تۆمەتانەی ئەم دوو رۆژەی دواییدا كە لە لایەن كەسێكی باڵای وەك (بەرێز عەلی الدەباغ) كە بە‌بێ هیچ بەڵگەێكی سەلمێنەر خراونەپاڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگشتی و رێزدار مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە تایبەت، بۆیە بە پێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەی خوارەوە بخەینە روو :

1‌-‌ هەرچی دەگوترێ دەرباری گرێبەستی چەك‌كرین لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، هیچ بنەمایەكی راستی تیایدا نییە وهەموو ئەو قسەڵۆكانە دەچنە خانەی درۆی شاخدارەوە و بۆ ئاگاداری هەموو لایەك بەڕێز سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە هیچ جۆرێك لە بارەی ئەم مەسەلەوە لەگەڵ هیچ لایەنێك و لە هیچ كاتێكدا باسی نەكردووە.

2-‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕووی دەستووری و یاساییەوە ماڤی هەیە بە ئاشكرا چەك بكرێت، چونكە بە پێی برگەی (5) ی مادەی (121) دەستوری دەوڵەتی فیدراڵی عیراق، هەرێمی كوردستان رێگەی پێدراوە كە سێ جۆر هێزی هەبێت كە ( پاسەوانی هەرێم ، پۆلیس و ئاسایش ) و ئەم هێزانە وەك هەمو هێزێك لە هەر هەرێم و دەوڵەتێك پێویستی بە چەكە بۆ ئەنجامدانی كارەكانی خۆی و ئەگەریش هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی عیراق بریاربدەن بە (كوتەك) كارەكانی خۆیان ئەنجام بدەن، ئەوە ئێمەش وەك بەشێك لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی دەوڵەتی فیدراڵی عیراق ئامادەین بە (كوتەك) كارەكانمان ئەنجام بدەین .

3-‌ بە پێی خاڵی (5+6) لە یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عیراق كە لە رۆژی (21-23 مانگی حوزیرەانی ساڵی 2007 ) لە لایەن (20) ئەفسەری باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی بەرگری عیراق ئیمزا كراوە، دەبێت پێكهاتەی هێزەكانی پێشمەرگە كە پاسەوانی هەرێمە، بە هەمان شێوازی پێكهاتەی (لیواكانی پیادە)ی سوپای عێراق بێت و بەرێز ( عەلی الدەباغ ) شارەزایە كە پێكهاتە و چەكی لیوای پیادەی سوپای عیراق چۆنە لە بەر ئەوەش دەبێت بەرێزی بزانی بە پێ دەستور و ئەو رێككەوتن چەكی پاسەوانی هەرێم دەبێت چۆن بێت و سەرچاوەكەی كۆیی بێت.


4-‌ بە پێ ی نامەێیكی فەرمی بەرێز د.(نوری مالكی) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كە لە (16)ی نیسانی 2010) وەڵامی نامەیكی (فەریق میشیل بار بیروی) تێدا داوەته‌وه‌ ، زۆر بە روونی لەو نامەیەدا باسی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و وەك بە‌شێك لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی عیراق دیاری دەكات و جەختدەكاتەوە لە سەر رەزامەندی و پشتیوانی بەرێزی بۆ چەكداركردنی یەكەكانی پاسەوانی هەرێم بە هەمان شێوەی یەكەكانی سوپای عێراق و داواش لە فەرماندەیی هێزەكانی ئەمریكا دەكات كە لەوبارەیەوە هاوكار و بەشدار بن كە بەداخەوە هەتاكو ئێستا ناوەرۆكی ئەو نامەیە جێبەجێ نەكراوە.

5-‌ ئێمە لێرەدا جەختدەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگەی پاسەوانی هەرێم و هێزەكانی‌تری هەرێمی كوردستان، هێزی یاسایی و دەستورین و بەشێكن لە سیستەمی بەرگری نیشتمانی دەوڵەتی فیدراڵی عیراق و بەشداری كاریگەریان كردووە لە پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی فیدراڵی عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەت و ئێستاكەش ئامادەن لە هەركات و ساتێكدا كە پێویست بكات ئەركەكانیان لە هەر ناوچەیەكدا لە دەوڵەتی فیدرالی عیراق ئەنجام بدەن، لە هەرێمی كوردستانەوە هەتاكو ناوەراست وخواروی عیراق .


لە كۆتاییدا – جارێكی‌تر جەختدەكەینەوە كە ئەگەرحكومەتی هەرێمی كوردستان نیازی ئیمزاكردنی گرێبەستی چەككرینی هەبێت ئەوە بە شێوەێكی یاسایی و بە ئاشكرا و بەپشتبەستن بەبرگەی 5ی مادەی 21 ی دەستورەوە وبە بێ دوودڵی و ترس لەهیچ كەس و لایەنێك، ئەو كارە ئەنجام دەدات و قەت هانا بۆ رێگای نایاسایی نابات لەو بارەیەوە.





فەریق جەبار یاوەر مەندە
ئەمینداری گشتی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان
ئەندام و وتەبێژی فەرمی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێم

31-7-2012

(سكرتێری رۆژنامەوانی ئەمینداری گشتی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە)"
Top