دەنگی كوردستان (56) ساڵ مێژوو و بەردەوامی

دەنگی كوردستان (56) ساڵ مێژوو و بەردەوامی
* بەڕێوەبەری نووسین لە دەنگی كوردستان


بارزانیی نەمر كە رابەرایەتیی گەورەترین و گشتگیرترین و رێكخراوترین شۆڕشی گەلەكەمانی كرد، دەیزانی شۆڕش تەنیا چەكداربوون و شەڕی گەرم نییە، بەڵكو دەبێ دەنگی حەقیانەتی شۆڕش و رەوایەتی دۆزی گەلەكەمان بگەیندرێتە ناوخۆ و دەرەوە، ئەگەرنا شۆڕشی ئەیلوولیش وەك شۆڕش و راچڵەكینەكانیتر كپ دەكرێ و دەوروبەر و دنیاش پێی نازانن. هەر بۆیە باشترین وەسیلە دامەزراندنی دەزگایەكی راگەیاندن بوو كە هەم ببێتە ورەبەخشی پێشمەرگە و خەڵك، هەمیش ببێتە بڵندگۆی دەنگی حەقیانەتی شۆڕش و دۆزی رەوای نەتەوەكەمان، هەم كۆكەرەوەی رۆشنبیر و هونەرمەند و نووسەر و ئەدیب و بیرمەندان بێت، بە مەبەستی خزمەتگەیاندن بە ئامانجەكانی شۆڕش و نەتەوەكەمان.
وێڕای سەختیی بارودۆخ كەچی بارزانی رابەری شۆڕش مكوڕ بوو لە سەر دامەزراندنی رادیۆیەك، چونكە لێزانانە دەركی بە گرنگیی هەبوونی دەنگ و سەدایەك دەكرد لەو سەردەم و هەلومەرجەدا.
دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق، جگە لەوەی نۆبەرەی میدیایەكی كوردی لە سەر خاكی كوردستان و بە هەوڵ و تەقەلای كادیری ناوخۆیی بوو، لە هەمان كاتدا یەكەم دەنگی شۆڕشی كوردستان و پێشمەرگە بوو كە پێشتر هاوشێوەی نەبوو. هەر بۆیە ترسی دوژمن لە دەنگی زوڵاڵی ئێزگەی دەنگی كوردستانی عێراق، هاوتای هەترەش چوونی بوو لە دەنگی لوولەی بڕنەوەكانی پێشمەرگە گیانبازەكانی مستەفا بارزانی.
ئێزگەی دەنگی كوردستان هەر زوو بوو بە دەنگە زوڵاڵەكەی شۆڕش، كوردستانیان لە سەرتاسەری نیشتمان چاوەڕێی مژدەی سەركەوتن و هەواڵی شۆڕش بوون كە لە ڕادیۆوە دەیانبیست.
لەپاڵ ئەركە شۆڕشگێڕییەكەی، ئێزگە بووە ناوەندی دەیان ئەدیب و نووسەر و رۆژنامەنووسی بەتوانا كە هاوشان لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانی شۆڕش و پێشمەرگە، بووە پارێزەری كەلتوور و زمان و رەسەنایەتیی نەتەوەكەمان و ئەركی هۆشیاركردنەوەی خەڵكیشی گرتەئەستۆ.
هیچ قۆناغێكی شۆڕشی گەلەكەمان نییە كە ئێزگەی دەنگی كوردستان رۆڵی بەرچاوی تێدا نەگێڕابێت، تەنانەت لە دوای ئازادی و سەركەوتن، ئێزگە بوو بە بناغەی پتەو و ئەزموونێكی دەوڵەمەند بۆ دامەزراندنی دەزگای راگەیاندنی جۆراوجۆر.
ئێستا دەنگی كوردستان بە شانازییەوە پەنجاو شەش ساڵەی تەمەنی خۆی پیرۆز دەكات و بە هەمان گوڕو تینی سەرەتای دامەزراندنیەوە بەردەوامە و لە رێگەی دەیان بەرنامە و دەیان گەشتی هەواڵ و بەرهەمی جۆراوجۆری رادیۆیی خزمەت بە بیسەرانی دەكات و بەڵێنی بەردەوامیی بەخششی زیاتر دەدات.





Top