دەنگدان و بە یاسایی کردنی حەشدی شەعبی هەڵە بوو یان خیانەت؟

دەنگدان و بە یاسایی کردنی حەشدی شەعبی هەڵە بوو یان خیانەت؟
لە گەرمەی ئاڵۆزی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەف و هەڕەشەی دەسەڵاتدارانی شیعە لە دەستکەوتەکانی کورد و بڕینی بودجەی حکومەتی هەرێم و مووچە و قووتی فەمانبەران و خەڵکی کوردستان، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد و بە دیاریکراویش: پەرلەماتارانی یەکێتی و کۆمەڵ و گۆڕان لە بەغدا دەنگیان بە میلیشیای حەشدی شەعبی دا، ئەو دەنگدان و بە یاسایی کردنە رێگای بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی خۆش کرد بۆ ئەوەی بەناوی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، بە بیری شۆڤێنیزم و بە ئەقڵی چەقبەستووی مەزهەبگەرایی شەڕی پێشکەوتن و خواستی سەربەخۆیی کوردستان و ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان بکات.
ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی دەنگیان بە یاسایی کردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دا، دووجاریان خیانەت کردووە، جارێک خیانەتیان وەک کورد کرد کە دەنگیان بە هیزێکی دژە کورد داوە، لە ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکوک ئەو دژایەتی و دوژمنکاریەی ئەو میلیشیایانەمان بەرامبەر بە کورد بینی کە چۆن سوکایەتیان بە ئاڵای کوردستان وەک شکۆی نەتەوە و پێشمەرگە وەک رەمزی بەرگری کردن لە کوردبوون دەکرد، جارێکیش خیانەتیان لە دەنگدەرانی خۆیان کرد و دەنگیان بە هێزێکی کورد کوژ دا، لە کاتیکدا دەنگدەرانی خۆشیان وەک کورد دەکەونە بەر شاڵاوی ئەو کوشتارە.
ئەو پەرلەمانتارانە بە دەنگدان بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی نەوەستان، لە کەناڵەکان دەردەکەوتن و شانازیان بەو دوو خیانەتەوە دەکرد و خۆیان وەک عێراقچی دەردەخست و دابەشکردنی عێراقیان بە هێڵی سوور ناو دەبرد، ئێستا ئەو میلیشیایە لە لایەن ئەمەریکا بە پاشکۆی سوپای پارسدارانی ئێران ناو دەبرێ و سوپای پاسدارانیش خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، کەواتە ئەو پەرلەمانتارانەی بەناوی نوێنرایەتی کورد و بۆ بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چووبوونە بەغدا، ئەرکی راستەقینەی خۆیان لەبیر کرد و بوونە نوێنەری دوژمنانی کورد و لە بەرژەوەندی ئەوانیش دەنگیان داوە، بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان ئەو هەڵوێستەیان وەک دووجار خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی لەسەر حیساب بکات.
Top