ھەڵبژاردن وپێگەی کورد لەحکومەتی ناوەندی

ھەڵبژاردن وپێگەی کورد لەحکومەتی ناوەندی
ھەڵبژاردن "بە پڕۆسەیەکی نوێ بوونەوە دەووترێ، کە ھەر چوار ساڵێک لە ووڵاتە دیموکراسیەکان ئەنجام دەدرێت"، ئەم پڕۆسەیەش بۆ ئیمەی کورد لە ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی (١٩٩١) ئەنجام دەدرێت، کەچی لە ووڵاتی عێراق تا ڕادەیەک شتێکی نوێ یە ولە دوای ڕوخانی ڕژیم لەساڵی (٢٠٠٣)ـەوە ئەنجام دەدرێ، واتە ئێمەی کورد بە نزیکەی (١٠) ساڵ زووتر لە عەرەبی عێراقی ئاشانی ئەو پڕۆسە دیموکراسیە بووینە، وئەگەر کەمێک قوڵبینەوە بۆ مێژووی ئەوا ووڵاتە پێشکەوتووەکان زۆر لە ئیمە لە پێشترن لەم بابەتە.
سەبارەت بە گرنگی کورد لە حکومەتی ناوەندی پێگەی کورد لەو ناوچەیە، ئەوە دەبێت ئێمەی کورد نەگەڕێینەوە دواوە، وپێویستە لەسەر ھەر تاکێکی کورد وپاشان لایەنە سیاسیەکان وھەموو ئەو کەسانەی کە کاریگەریان ھەیە لەسەر دەنگدەری کورد بە ھەموو ھەول وکۆششێکەوە بچنە پێش وبەشداربن لە ھەڵبژاردنی (١٢ ئایاری ٢٠١٨)، تاکوو پێگەی کورد لە حکومەتی ناوەندی کەم نەبێتەوە، چونکە ھەر کەمبوونەوەیەک لە ژمارەی کورسیەکانی کورد لە بەغدا زیان بە ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێ، لەبەر ئەوەی قەبارەی کورد ھەموو جارێک وئەو جارەش بەتایبەتی زۆر گرنگە لە پەڕلەمانی عێراقی فیدڕاڵ، دواتر ئەو قەبارەیەش کاریگەری لەسەر پۆستەکانی کورد لە بەغدا ومیزانیە وھەموو خێر وبێریکی ووڵاتی عێراقی فیدڕاڵ ھەیە، بۆیە ناکرێ بەھیچ شێوەیەک ئەو ھەڵبژاردنە فەرامۆش بکرێ وگرنگی پێ نەدرێ، و لەھەمان کاتدا ھەر خۆبەدوورگرتنێک لە بەغدا کورد لە سەدان ماف وئیمتیازات بێ بەش دەکات.
ھەروەھا سەبارەت بە پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە ناوچە کورستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئەگەر کورد دەنگدانی بایکۆت کرد، یان بەشداربوون وەکوو پێویست نەبوو، دووبارە کاریگەی نەرێنی خۆی ھەیە لەسەر کەمبوونەوەی پێگەی کورد لە بەغدا کە خۆی لە نزیکەی (١٢ - ١٤) کوردسی دەبینێتەوە، ئەو ژمارەیەش لە قەبارەی کورد کەمدەکاتەوە لە نێوان ململانێی کوتلە عێراقیەکانی ناو پەڕڵەمانی بەغدا، وھەندێ ڕووداوی سیاسی لەو ناوچانە پڵان بۆ داڕێژراو بوون، بۆ لێدان لە پێگەی کورد لە عێراق بەگشتی ولە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئێدارەی ھەرێم بەتایبەتی.
لەکۆتاییدا، ئەوەی گرنگە بۆ کورد دەبێت ھەموو تاکێکی کورد ڕۆژی ١٢ ئایاری ٢٠١٨ ڕوو بکاتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بە عەرەبە عێراقیەکان و ووڵاتانی دەوروبەر وگشت جیھان بڵێن، خەونی ئیمەی کورد کۆتایی نەھاتووە وئیمە دەست بەرداری مافەکانمان نابین لەو ووڵاتە، ونابێ ئەو ھەموو خەباتە بە ھەڵەیەکی بچوکی نوێ بسڕینەوە، خەبات وماندوو بوونی قازی موحەمەدی سەرۆک کۆمار و شیخ عبدالسلام وجنڕال مستەفا بارزانی وھەموو سەرکردە دلێرەکان وئەو ھەموو شۆڕەش وڕاپەڕینە مەزنانە زۆر لەوە گەورەترن کە تاکی کورد سارد ببێتەوە بە بەشداری نەکردن لە ڕۆژی ھەڵبژاردن، زۆربەی ھەرە زۆرە عەرەبەکانی عێراق و ووڵاتانی عەرب لە کورد دەترسێن، چونکە ئەوان باش دەزانن کوردەکانی نەوەی سەلاحەدینی ئەیوبی وقازی و مەلا مستەفای بارزانین، ومێژوو شاھێدی ئازایەتی ئیمەی کوردە.
سردار ڕسعد مامۆ/ ماستەر لە جوگرافیا
٧ ی ئایاری ٢٠١٨

Top