گۆتاری سەرۆک بارزانی لە چارچێوەی سێگۆشەی کوردستان و ڕیفراندۆم و دەوڵەتبوون دا(خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆژیانە)
September 10, 2017
وتار و بیروڕا
سێ قۆناغی یەک لە دوای یەک، و یەکیان تەواوکەری ئەوەیتر، واتە بەستنەوەی یەکەکانی دەم و کات ( زەمەن)، لە زنجیرەیەک لە پرۆسێسی بەدەوڵەتکردنی ناوچەیەک کە مرۆڤەکانی بۆ ھزاران ساڵ دەچێ، تەنیا ساتێکیش ئازادیی خۆی وەک ماف نەچێشتووە، جیھانبینی و فەلسەفەیەکی تێڕوانینی سەرکردەیەک بۆ خەڵک و نەتەوە و نیشتمانەکەی، ھەمان ئەو بیرکرنەوەیەیە کە دەروونناسانی قوتابخانە و ڕێبازی گشتاڵتی بە چەمکی گشتاڵت (Gestalt) دەربڕینی لێوە دەکەن، کە بریتیە لە ڕوانین و تەماشەکردن و ھەڵسەنگاندنی دیاردە و ڕووداوەکانە بە شێوەیەکی تەواوکەرانە و گشتی، نەوەک پچڕپچڕ و پارچەپارچەکراو.
ئەوەش تێگەیشتنێکی دروستە، و ئاسانکاری بیرکردنەوە لە ھەموو ڕووداوەکان و لێکدانەوە، و ھەڵسەنگاندنیان، و دانانی پلانی کارکردن تیایدا، و چوونە پێشەوە و بە پێی ھەلی گۆنجاو، و سوودوەرگرتن لە لاوازییەکان، و نەھێشتنیان، و پشتەوانیکردنە لە خاڵە ئەرێنی و بەھێزەکانە، و ھەموو ئەو ئەلەمێنت و ھەنگاوانە لە پرۆسەی دانانی دەوڵەت، و بە تایبەت بۆ کوردستان، کە دۆخێکی نێوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیی تایبەتی ھەیە، و لە سایەی دەستێکی ناحەزی نێوخۆیی، و دەمارگیری و بێ بەزەیی و خۆبایبوون و خۆپەرێستی ناوچەیی، و بێ ھەست و سۆزی جیھانی بەرامبەر دۆزی کوردستانیان، ھەمیشە بۆوەتە قۆربانیی ململانێی ناوچە و جیھان.
ئەوە وێڕای ئەوەی زۆر ھەوڵ دراوە باڵانس و ھاوسەنگی نێوخۆیی و ناوچەیی بپارێزرێتن، گۆتارەکەی سەرۆک بارزانی، وەک بەشێک لە مێنتالیتە و کەلتوور و فەرھەنگی باب و باپیران و ناوچەی بارزان، و ئاوێتەبوونی لەگەڵ ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی، گەواھی ئەو ڕاستیەن.
سەرۆک بارزانی لە گۆتار ( خیتابی) ھەمیشەیی و ھەنۆکەیی خۆی دا، جگە لە پێکەوە گرێدانی خەبات و بیرکردنەوە و کاری گشت تاک و لایەنەکانی کۆمەڵگای کوردستان، تەرکیز لەسەر خاڵێکی ناوچەکە دەکاتن و ئەویش تێگەیاندنی وڵات و نەتەوەکانی ناوچەکەیە لەوەی کە نەتەوەی کورد و دەوڵەتی کوردستان، بۆ ھیچ گەل و نەتەوە و وڵاتێک نابێ بە سەرچاوەی ھەڕەشە.
ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە و کاری سیاسی، یەکێک لە گەورەترین پێداویستیەکانی خەڵکی ناوخۆ و نەتەوە و مەزھەب و ئایینەکانی کوردستان لە لایەکن و لە لایەکیترەوە نەتەوە و وڵاتانی ناوچەکە مسۆگەر دەکات، کە ئەویش وەک لە تیۆری یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین زانایانی قوتابخانەکانی سایکۆلۆژی کە بریتیە لە ئابراھام ماسلۆ (Abraham Maslow, ١٩٠٨-١٩٧٠)، لە ڕێبازی مرۆڤگەرایی و ھیومانیزم(Humanism)، بە چەمکی ئاسایشی دەروونی (الڕمن النفسی) ھاتووە و بە یەکێک لە گرنگ و سەرەکیترین پێداویستیەکان (needs) لە لای مرۆڤ دەزاندرێتن، مسۆگەر و گەرەنتی دەکاتن، و ئەو جۆرە ئاسایشە لەگەڵ ھەموو جۆرەکانیتری ئاسایش دەبن بە تەواوکەری یەکتری، و دروستکردنی دۆخێکی دەروونی، کە تیایدا ئەو وڵات و نەتەوانە، چ لەسەر ئاستی تاکی و چ لەسەر ئاستی گەورەتر، لەوە پشتڕاست ببن کە ئەو دەوڵەتە نەک تەنھا نابێ بە مەترسی بۆیان بەڵکۆ زیاتر لەوە دەبێ بە نموونەیەک تا خەڵک و نەتەوە و وڵاتانی ناوچە، بە چاوێکیتر لە ئێمە و خۆیان بڕوانن، و لەوە تێبگەن کە سەرکردەیەکی وەک سەرۆک بارزانی، خاوەن نەتەوەیەکی ئازارچێشتووی کوردستان، بە پێچەوانەی بیری تووندوتیژانە و دەمارگیری نەتەوەیی و دۆگماتیزمی ئایینی و مەزھەبی، و ڕەگەزپەرێستی و نەژادپەرێستی، کە لای چەندەھا نەتەوە و وەڵات و نەژادی ناوچەکە ھەیە، لە گۆشەنیگای جوانناسییەوە لە جیھان و مرۆڤ و دەستھەڵات و دەوڵەت دەڕوانێتن، و وەک چۆن ڕێبازی مرۆڤگەرایی بەچاوی پڕ بایەخەوە لە مرۆڤایەتی دەڕۆانن، جەنابی بارزانیش بەو پێیەوە و بە گۆتارەکەی خۆی نیشانمان دەداتن کە دەوڵەت و دەستھەڵات ھیچ نیە جگە لە کەرەستە و ھۆکارێک بۆ بەختەوەری و ئاسوودەیی و ئازادی و ئارامی و ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتی مرۆڤ و نەتەوە و خەڵکانێک، ئەوە واتە چونکە مرۆڤ لە ڕۆانگەی جەنابیان " بەرزترین بەھایە".
مرۆڤی کوردستان و ناوچەکە، بە گشت وڵاتانەوە، ئەو بەھایەن کە لە ڕۆانگەی سەرۆک بارزانیەوە ھەم لە ڕێگەی قۆربانیدان بە بەشێکی بە نرخی خۆی کە بریتی بێ لە ژیانی ھەندێک لە ئازیزانمان، وەک ئەوەی کە پێشمەرگە قارەمانەکانی خۆنەویستی کوردستان بە پێشکشکردنی زیاتر لە (١٧٠٠) شەھید و زیاتر لە (١٠) ھزار بریندار و پەککەوتە ئەنجامی دا، و ھەم لە ڕێگەی دامەزراندنی وڵاتێک بەناوی " دەوڵەتی کوردستان" لە ناوچەکە، دەکرێ ئارامی و ئاسایشە سایکۆلۆژیەکەی مسۆگەر بکرێ، بە مەرجێک کۆسپ و تەگەرە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانییەکان دان نەبن بە ئاستەنگ و ھەموویان دان بەو ڕاستیە بنێن کە ئەوە جگە لە پێکانی ئامانجێکی ھاوبەشێ لەو جۆرە، ھەم مافێکی ڕەوای ئێمەی کوردستانیە، و ھەم " بچووکترین وڵامە بۆ ھەموو قۆربانی و شەھیدانمان".
بە کۆرتی و کوردی، ھەموو مکۆری و ڕژدی و پێ فشاری جەنابی سەرۆک بارزانی لە بابەتی ریفراندۆمی سەربخۆیی کوردستان، خۆی لەو تەوەرە سەرەکییە دا دەبینێتەوە کە ڕۆژھەڵاتی ناوین و کوردستان بەتایبەتی لە تەوژم و شەپۆڵە دەمارگیرییەکانی ھەندێ کەس و لایەن و وڵاتی دۆگماتی و وشکباوەری مێشک شووردراو بپارێزیتن، و ئاسایشی سایکۆلۆژی و لەگەڵیشیدا جۆرەکانیتری ئاسایشیان بۆ دابین و مسۆگەر بکاتن، و ئەوە ئامانجی سەرکردە و سەرۆکە دڵسۆزەکانە، کە لە زانستی دەروونناسیدا ڕێزی بێ پایانی لێدەگیرێتن وەک یەکێک لە ئامانجە پیرۆز و سەرەکییەکانی مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی.
سەرچاوە:
١. Maslow, Abraham H. (١٩٦٨): Toward a psychology of being, ٢nd ed., Van Nostrand Reinhold, NY.
*پسپۆری زانستەکانیپێداگۆگی و پەروەردەیی/فاکۆلتیی پەروەردە/ زانینگەی زاخۆ

د.نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*