دوای پارێزگاری زیقار داوای لەسەر کار لادانی پارێزگاری دیوانییە دەکرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 1-3-2021، سەدان هاووڵاتیی پارێزگای دیوانییە لەبەردەم دیوانی پارێزگا کۆبوونەوە و داوای دوورخستنەوەی زوهێر شەعلان، پارێزگاری پارێزگاکە و دوو جێگرەکەیان کرد.
خۆپیشاندەران پێیان وایە زوهێر شەعلان نەیتوانیوە ئیدارەی پارێزگای دیوانییە بکات و هیچ خزمەتگوزارییەکی بۆ هاووڵاتییان، دابین نەکردووە.
دیوانییە پارێزگایەکی باشووری عێراقە و 180 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختی ئەو وڵاتەوە دوورە.
پێشتر لە رۆژی 26-2-2021، بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەرانەوە، کە لە مانگی 10ـی 2019ـەوە بە خۆپیشاندان داوای مافە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە و کارەبا دەکەن و هێزە ئەمنییەکان بە گوللە وەڵامیان دەدەنەوە، مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی عێراق پارێزگاری زیقاری لەسەر کارەکەی دوور خستەوە.
کازمی هەروەها فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی دژەتیرۆری عێراقی وەک پارێزگاری نوێی زیقار، دیاری کرد.
باسنيوز
