کازمی لەرۆژی مامۆستادا: ئێوە بەزانست، ڕەوشت و نیشتمانپەروەریتان سەرچاوەی هێزی ژیانن
مامۆستایان بەزانست و ڕەوشت و نیشتمانپەروەرییان سەرچاوەی هێزی ژیانن
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپەیامێکدا کەئەمڕۆ دوشەممە بۆ رۆژی مامۆستا (جەژنی مامۆستا) لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر بڵاویکردوەتەوە رایگەیاند، "لەجەژنی مامۆستادا گەرمترین پیرۆزبایی لە ستافی فێرکاریی دەکەم ئەوان بەزانست و ڕەوشت و نیشتمانپەروەرییان سەرچاوەی هێزی ژیانن".
ئایندەمان لەسەر پەروەردەکاران وەستاوە
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئایندەمان لەسەر پەروەردەکاران وەستاوە و پشتیوانیان دەبین تا بتوانن وڵات بنیات بنێنەوەو نەوەکانی داهاتو پێ بگەیەنن".
بەردەوام دەبن لەسەر کارکردن بۆ جێگیرکردنی خواستی مامۆستایان
هاوکات سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە خولی چوارەمی پەرلەماندا گرنگییەکی تایبەت بە پرسی پەروەردە و باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان دراوە و چەندین دیدار و گفتوگۆش پەیوەست بە جێگیرکردنی مافەکانی مامۆستایان ئەنجامدراوە، جەختیشکراوەتەوە لەوەی بەردەوام دەبن لەسەر کارکردن بۆ جێگیرکردنی خواستەکانیان.
وەک پەرلەمان هەمو هاوکار و ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەن تاوەکو لەکارەکانیاندا سەرکەوتو بن
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش لەپەیامێکدا ئاماژەی بەرۆڵی مامۆستایان لەپێگەیاندنی نەوەی داهاتو کردوە و باسی لەوەکردوە، مامۆستایان پەروەردەکاری نەوەی داهاتون و ئەرکی قورسیان لەسەرشانە بۆ خزمەتکردنی وڵات، بۆیە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازن و وەک پەرلەمانیش هەمو هاوکار و ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەن تاوەکو لەکارەکانیاندا سەرکەوتو بن.
خەندان-
