بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئەسانسۆرەوە دوو بەرپرسی نەخۆشخانەی موسڵ گیانیان لەدەستدا

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئەسانسۆرەوە دوو بەرپرسی نەخۆشخانەی موسڵ گیانیان لەدەستدا
بەهۆی کەوتنەخوارەوەی ئەسانسۆرەکەیان، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی موسڵ و ئەندازیارێک گیانیان لەدەستدا و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش برینداربوو.

رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە بەهۆی کەوتنەخوارەوە ئەسانسۆرەکەیان لە نەخۆشخانەی گشتیی موسڵ، خالید عەلکاوی، ناسراو بە ئەبو دینە، یاریدەدەری کارگێڕیی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی موسڵ و ئەندازیارێک بەناوی خالید عەنتەر گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، کە یوسف بەدرانی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخۆشخانەکە لەنێویاندایە.

لای خۆیەوە فەلاح تائی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا راگەیاند، خالید عەلکاوی بەرپرسی پەرستاران بووە لە نەخۆشخانەکە و خالید عەنتەریش بەرپرسی بەشی ئەندازیاری بووە. چوار کەسی دیکەش برینداربوون.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، ئەو ئەسانسۆرە تایبەت نەبووە بە گواستنەوەی خەڵک، بەڵکو تایبەت بووە بە گواستنەوەی پێداویستیی نەخۆشخانەکە.
rudaw -
Top