وەزیرێکی پێشووتری عێراق بە دوو ساڵ زیندانی سزا دەدرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-2-2021، دادگای کەرخی تاوانەکانی تایبەت بە دەستپاکی لە بەغدا، بڕیاری زیندانیکردنی ریاز عەبدولحەمزە عەبدولڕەزاق غەریب، وەزیری پێشووتری شارەوانییەکانی عێراق (2006-2010)، بۆ ماوەی دوو ساڵ، داوە.
ریاز عەبدولحەمزە، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی میلیشیای رێکخراوی بەدر، بەهۆی گەندەڵیکردن لە گرێبەستی بونیادنانی 17 کارگەی قیڕ بە بەهای 25 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2007، ئەو سزایەی بەسەدردا سەپێندراوە.
دادگاکە هەمان سزای بەسەر هاشم عەبدولزەهرە عەزیز، کە لەو سەردەمەدا بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەکە بووە، سەپاندووە.
دادگای کەرخ هەروەها مافی بە وەزارەتی شارەوانی داوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و داواکردنەوەی قەرەبووی ئەو زیانەی ئەو دوو تاوانبارە بە وەزارەتەکەیان گەیاندووە.
باسنيوز
