عێراق قەدەخەی هاتووچۆی شەوانەی لە هەموو پارێزگاکاندا راگەیاند

عێراق قەدەخەی هاتووچۆی شەوانەی لە هەموو پارێزگاکاندا راگەیاند
لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە عێراق رایگەیاند لە 18ی شوباتی 2021ـەوە رۆژانە لە کاژێر 08:00ـی ئێوارەوە تاوەکو 05:00ـی بەرەبەیان هاتووچۆ قەدەخە دەکرێت، خوێندنی قوتابخانەکان و کۆلێژەکانیش لە هەمان رۆژەوە دەبنە ئەلیکترۆنی.

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە عێراق رۆژی شەممە 2021/02/13 لەبارەی رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

دواتر لیژنەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئەم بڕیارە بە درێژایی دوو هەفتە کاری پێدەکرێت و تەنیا هێزە ئەمنییەکان، کارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان، دووکانەکانی فرۆشتنی میوە و سەوزە، لەگەڵ راگەیاندکارانی مۆڵەتپێدراو ناگرێتەوە."

هاوکات لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە عێراق دانانی پرسەی قەدەخە کرد و رایگەیاند: "هەر کەسێک پرسە دابنێت بە 5 ملیۆن دینار سزا دەدرێت." جیا لەوە لیژنەکە بڕیاری دا لە 18ـی شوباتەوە هەموو مزگەوت و حوسەینییەکانی شیعە دابخرێن و تەنیا بۆ بانگدان بکرێنەوە. هاوکات ناوەندەکانی مەساج و جوانکاری لەو بەروارەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخرێن. هەروەها خوێندنی قوتابخانەکان و پەیمانگەکان و کۆلێژەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت لە 18ـی ئەم مانگەوە بە ئەلیکترۆنی دەبێت، بەڵام ئەو بڕیارە قۆناخەکانی کۆتایی کۆلێژە پزیشکییەکان ناگرێتەوە."

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە عێراق ئاشکرایشی کرد: "لە 15ـی ئەم مانگەوە رێگە بە ئاهەنگگێڕان لە هۆڵەکانی نادرێت."

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارانەی لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی لە عێراق، جەواد موسەوی، بڕیاردەری شانەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی پەتای کۆرۆنا کە سەر بە پەرلەمانی عێراقە، راگەیاند: "ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق رووی لە هەڵکشان کردووەتەوە، بۆیە عێراق بە شێوەیەکی فەرمی و زانستی دووچاری شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتەوە. ئەوە جیا لە هاتنی جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ عێراق، بەڵام ئەوەی مەترسییە ئەوەیە کە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی وڵاتانی جیهان، بێگومان شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شەپۆلی یەکەمی ڤایرۆسەکە سەختر دەبێت. بۆیە هیوادارین هاووڵاتییان پابەندی رێنەمایی و رێکارە تەندروستییەکان و دوورەپەرێزی و بەستنی دەمامک بن بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە ڤایرۆسەکە."

تائێستا 641 هەزار و 628 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، 605 هەزار و 980 لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتا 94.4%ـی تێکڕای تووشبووان، هەروەها 22 هەزار و 484 تووشبووی کۆرۆنا هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 271 لەو تووشبووانە لەژێر چاودێریی چڕدان، 13 هەزار و 164 تووشبووی کۆرۆنایش مردوون.
rudaw-
Top