ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات رێز سەروەریی عێراق بگرێت
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات رێز لە سەروەریی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ بگرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە چیای گارە لە دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، رایگەیاندووە، ”ئاگاداری راپۆرتە هەواڵییەکانین لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەوە“.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها رایگەیاندووە، هەر ئۆپەراسیۆنکی سەربازی لەناو خاکی عێراقی فیدراڵ، پێویستە رێز لە سەروەریی ئەو دەوڵەت بگرێت.
ئەو لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ هێرش و بۆردومانی سوپای تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە سنووری چیای گارە لە هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەک لەناو پەکەکە بە کەناڵی (ئەلعەرەبییە)ی راگەیاندووە، لە ئەنجامی شەڕی چەکدارەکانیان و سوپای تورکیا لە چیای گارە، 30 سەربازی تورکی کوژراون.
هەروەها وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، 50 بنکەی پەکەکە وێران کراون و 33 چەکداری ئەو حزبەش کوژراون، کە ”دووانیان سەرکردە بوون“.
باسنيوز
