پلاندانانی عێراق: ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5 ملیۆن کەسە

پلاندانانی عێراق: ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 5.5 ملیۆن کەسە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی دانیشتووانی عێراق 40 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیشی بە نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەس خەمڵاندووە.

عەبدولزەهر هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق راگەیاند، ئەو ژمارەیە بەپێی خەمڵاندنی ساڵانەیە و لەسەر دوو بنەمایە "یەکەم: ساڵی 2010 پرۆسەیەکی وردی ژماردنی دانیشتووان کراوە، کە ئەو کات نزیکەی 32 ملیۆن کەس بووە. دووەم: ساڵانە ژمارەی دانیشتووان 2.6 زیاد دەکات، بەم پێیەش ساڵانە نزیکەی 850 بۆ یەک ملیۆن کەس ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات".

لەسەر ئەو بنەمایە و بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، وەزیری پلاندانان دەڵێت، ئەمساڵ ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 40 ملیۆن 150 هەزار کەس، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی پلادانانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار کەسن، بەپێی پارێزگاکانیش بەمشێوەیە: سلێمانی دوو ملیۆن و 250 هەزار، هەولێر ملیۆنێک و 900 هەزار و دهۆکیش ملیۆنێک و 300 هەزار کەسن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی پیاوان لە ئافرەتان زیاترن، بەشێوەیەک 50.5% پیاو و 49.5%یش ئافرەتن.
rudaw -
Top