پسپۆرێك چۆنیەتی بردنە دەرەوەی ملیاران دۆلاری دزراوی عێراق ئاشكرا دەكات
زرخام محەمەد پسپۆری ئابووریی عێراقی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا بۆ كەناڵێكی عێراقی ئاماژەی بەوەدا كە لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٣وە زیاتر لە ٢٤٠ ملیار دۆلاری دزراوی عێراق لە ڕێگەی گەندەڵییەكانی دەسەڵاتدارانەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵاتەكە كراون و بە هیچ شێوەیەك ناتواندرێ ئەم پارانە بگەڕێندرێنەوە.
پسپۆرە ئابوورییەكە ئاماژە بە هۆكاری نەتوانینی گێڕانەوەی ئەم بڕە زەبەلاحە لە پارەی دزراوی عێراق دەكات و دەڵێ لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا، كە عێراق بەردەوام وەك وڵاتێكی بەكارهێنەری بێ بەرهەم ماوەتەوە، ڕۆژانە سەدان جۆر شمەك لە دەرەوەی هاوردە كراون، دەسەڵاتدارە گەندەڵكارەكان هاوردەكردنی شمەكیان بە هەل قۆستووەتەوە و لەم ڕێگەیەوە بڕە پارەیەكی زۆریان رەوانەی دەرەوەی عێراق كردووە.
زرخام محەمەد هەروەها دەڵێ بەپێی ژمارەكانی بانكی ناوەندیی عێراق، مۆڵەت دراوە مانگانە بایی ٤٠ بۆ ٥٠ ملیار دۆلار شمەك لە دەرەوەی عێراق هاوردە بكرێت، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كە مانگانە بایی كەمتر لە ٣٠ ملیار دۆلار شمەك هاوردەی عێراق دەكرێ، لەم نێوانەشدا مافیاكان كە حزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانن، مانگانە دەتوانن ١٠ بۆ ٢٠ ملیار دۆلار ڕەوانەی دەرەوەی عێراق بكەن بە ناوی كڕینی شمەكی وەهمی و هاوردەكردنی وەهمیەوە، بەم شێوەیە پارەیەك كە بە ناوی هاوردەكردنی شمەكەوە ببرێتە دەرەوە، ئەستەمە بە تۆمەتی دزی و گەندەڵییەوە بگەڕێندرێتەوە وڵاتەكە، سەرباری ئەوەی حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكانی عێراق، بە تەواوی دەستیان بەسەر ئەم دۆسیەیەدا گرتووە و ڕێگە نادەن هیچ لێكۆڵینەوەیەكی ورد و لێپرسینەوەیەكی لەسەر بكرێت.
باسنيوز
