لیژنەی یاسایی: تا یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پەسندنەکرێت، پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە

لیژنەی یاسایی: تا یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پەسندنەکرێت، پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو یاسای دادگای باڵای فیدراLی پەسندنەکرێت، پەرلەمان ناتوانێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هەموارکردنی یاسای دادگای فیدراڵی کێشەی لەسەرە. لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. دوو بۆ چوونی جیاواز لەبارەی هەموارکردنی یاساکە و پڕکردنەوەی شوێنی دادوەرەکانەوە هەیە: یەکەمیان، پڕکردنەوەی شوێنی ئەو دوو ئەندامەی دادگا. دووەم، دیاریکردنی ساڵی خانەنیشینیی ئەو دادوەرانە. بەمەش زۆربەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی خانەنشین دەبن و دادوەری نوێ دادەمەزرێن."

هەموارکردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە. ماوەتەوە دەنگی لەسەر بدرێت.

دادگای باڵای فیدراڵی لە رووی دارایی و ئیدارییەوە دەستەیەکی دادوەریی سەربەخۆییە. بەپێی ماددەی 94ی دەستوور بڕیارەکانی یەکلارەوەن و دەبێت هەمووان پێوەی پابەندبن.

دادگاکە لە 9 ئەندام پێکهاتوون، 2 کورد، 2 سوننە، 3 شیعە و تورکمانێک و کریستیانێک. بەڵام دادگاکە دوو ئەندامی لە دەستداوە، بەمەش کارەکانی پەکیان کەوتووە، چونکە دەبێت بڕیارەکانی ئەو دادگایە بە کۆدەنگی بێت، نەک زۆرینە.

بەپێی ماددەی 93ـی دەستوور، ئەو دادگایە 8 ئەرکی سەرەکیی هەیە، یەکێکیان پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە لە 2021/06/06 هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەبچێت، ئەوا دەبێت پەرلەمانی عێراق خۆی هەڵبوەشێنێتەوە تاوەکو یاسای دادگای فیدراڵییش هەموار و پەسند نەکرێت، ئەوا پەرلەمان ناتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە دەبێت ئەو دادگایە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن پەسندبکات.

بۆیە دەبێت سەرەتا یاساکە پەسندبکرێت، ئەوسا پەرلەمان خۆی هەڵبوەشنێتەوە وەک زەمینەسازییەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
rudaw -
Top