ئەندامێکی لیژنەی دارایی: مافیای گەورەی گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقدا هەیە
د.جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، چەندین جۆر گەندەڵی لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت، ئەوەی کازمی کردوویەتی تەنیا یەک جۆر گەندەڵی چارەسەرکردووە، ئەویش رەوانەکردنی هێزی سەربازییە بۆ 6 دەروازەی سنووری، کە پێشتر بە تەواوی لە دەست گروپە چەکدار و میلیشیاکان بووە.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان عێراق رایگەیاند، "گەندەڵییەکی یەکجار زۆر لە بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان دەکرێت"، هەروەها دەڵێت: "مافیای گەورەی گەندەڵی هەیە"، لەوانە بەشێک لە فەرمانبەران و بەڕێوەبەرەکانی ئەو دەروازانە لەگەڵ بازرگانەکان رێککەوتوون، دەستکاریی جۆری کاڵا، گومرگ و پسولەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی گومرگی کەمتربدرێت، لە بەرامبەر "پێدانی بەرتیل بە فەرمانبەر و بەڕێوەبەرەکان"، بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە زۆربەی دەروازە سنوورییەکان لەژێر هەژموونی حیزب و میلیشیاکاندان.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق قسەی ئەو پەرلەمانتارە پشتڕاستدەکاتەوە و دەڵێت: "کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان تەنیا و تەنیا هەڵایەکی میدیایی بووە، ئەگەرنا لە دەروازە سنوورییەکان هیچ نەگۆڕاوە، هێشتا حیزب و میلیشیاکان کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانیان بەدەستە، بۆیە داهاتی ساڵی رابردووی ئەو دەروازانە زیادی نەکردووە".
بە گوتەی بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، گەندەڵییەکی گەورە لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت، تەنانەت بەشێک لە فەرمانبەران لە گەندەڵی تێوەگلاون، ئەگەر حکومەت سیستەمی ئەلیکترۆنی لە دەروازەکان جێبەجێ بکات و باج و گومرگ رێکبخاتەوە، ئەوا ساڵانە نزیکەی 15 ملیار دۆلار داهاتی دەروازە سنوورییەکان دەبێت.
بەپێی راگەیێندراوی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق، داهاتی بەدەستهاتوو لە دەروازە سنوورییەكان لە ساڵی رابردوودا تریلیۆنێك و 195 ملیار و 266 ملیۆن و 395 هەزار و 323 دینار بووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، 72 ملیار و 295 ملیۆن و 826 هەزار و 713 دینار زیاتر بووە، بەو پێیەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان لە ساڵی 2019 تریلیۆنێك و 122 ملیار و 970 ملیۆن و 568 هەزار و 610 دینار بووە.
دەستەی دەروازە سنوورییەكان دەڵێت زیادبوونی داهاتی دەروازە سنوورییەكان لە ئەنجامی هەوڵی فەرمانگەكانی سەر بە دەستەی دەروازە سنوورییەكان و هاوكاریی سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە دەستەی دەروازەكانە، كە هەوڵەكانیان بۆ زیاتركردنی داهاتی دەوڵەت چڕكردووەتەوە
پێشتر کازم عقابی، بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2016دا داهاتی دەروازە سنوورییەکان گەیشتە 600 ملیۆن دۆلار، لە ساڵی 2017 گەیشتووەتە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار، داهاتی 2018ی دەروازەکانیش دوو ملیار دۆلار بووە. عقابی ئاماژەی بەوەشکردبوو داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار ساڵانە مەزەندە دەکرێت، واتە زیاتر لە 12 تریلیۆن دینارە.
عێراق 22 دەروازەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی هەیە، چاكسازی و كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكانیش یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی بەرنامەی حكومەتەكەی كازمی، لە چەند مانگی رابردووشدا کازمی رایگەیاند چەند دەروازەیەكی لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەر بە حەشدی شەعبی دەرهێنا.
هەروەها لە 16ی تشرینی دووەمی 2020 مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق فەرمانی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كرد دەروازە نافەرمییەكان دابخات، بەمەبەستی نەهێشتنی قاچاخچێتی و رێگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
rudaw -
