كەركووك.. لە بۆردومانێکی هاوپەیماناندا چوار تیرۆریستی داعش كوژران
عەمید فەتاح مەحموود، بەڕێوەبەری پۆلسی قەزای حەویجە، بە پشتبەستن بە زانیاریی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەكشەممە ٣ی١ی٢٠٢١ فڕۆكەی هێزی هاوپەیمانان لە سنووری ناحیەی ڕەشادی سەر بە قەزای حەویجە لە ڕۆژئاوای کەرکووک، دەستیان كردووە بە بۆردومانی پاشماوەكانی داعش."
راشی گەیاند: "زانیارییە سەرتاییەكان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی ئەو بۆردمانەوە چوار چەکداری داعش کوژراون، ئەوە هێرشە پاش ئەوە هاتووە کە دوێنێ شەممە بە بۆردمانی كۆپتەری عێراقی، دوو چەكداری تیرۆریست كوژراون."
گوتیشی: "كردنە ئامانجی داعش لە سنووری حەویجە پاش ئەوە دێت كە ماوەیەكە لەەو ناوچەیە خۆیان رێك خستووتەوە."
لە ساڵی 2014دا داعش سنووری حەویجەی بە یەکجاری داگیر کرد و پاش یەک ساڵ ڕزگار کرایەوە و ئێستا دیسان خۆی رێك خستووەتەوە و دەستی بە جموجۆڵ کردووە.
باسنيوز
