میلیشیاکان لە عێراق بەتەواوی دەست بەسەر حکوومەتی عێراقدا دەگرن
کارۆخ خۆشناو، سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی (ئەمریکی-کوردی) ڕایگەیاند: "میلیشیاکان ئێستا لە عێراق بەتەواوی دەستیان بەسەر حکوومەتی عێراقدا گرتووە، ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی عێراق و کارەکانی حکوومەتی عێراق هەبووە کە نەیتوانیوە هیچ کارنامەکەیەکی لە دەرەوەی هێزی میلیشیاکان جێبەجێ بکات".
گوتیشی: "لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دوو نمایشدا لە بەرامبەر حەشدی شەعبی شکستی هێناوە یەکەمیان، کاتێک (14) چەکداری گرووپی (حزبوڵا)ی بە تۆمەتی هێرشی مووشەکی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا دەستگیر کرد، بەڵام ناچار بوو لەژێر فشاری حەشدی شەعبیدا دوای چەند ڕۆژێک ئازادیان بکات، دووەمیان دوای دەستگیرکردنی کەسێکی تۆمەتبار بە هێرشەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو، ئەمجارەش کازمی ناچار کرا دەستگیرکراوەکە ڕادەستی حەشدی شەعبی بکاتەوە، ئەم دوو نموونەی سەرەوە پەیامێکی روونە کەوا کازمی و حکومەتەکەی و دامودەزگاکانی ناتوانن بە هیچ شێوەیەک لێپرسینەوە لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا بکەن".
کارۆخ خۆشناو جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە: "ئێستا حوکمی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی زاڵە بەسەر حوکمی کازمیدا، ئەگەرچی کازمی ئومێدی مانەوەی خۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هەڵچنیوە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوودا تووشی شکستێکی گەورە بێتەوە، چونکە لەلایەک متمانەی هاووڵاتیان لەدەست دەدات، کە نەیتوانیوە جڵەوی میلیشاکان بگرێت کە لە سەرتا بەڵێنی دا، لەلایەکی تریش متمانەی ئەمریکا لە دەست دەدات".
باسنیوز
