وەزارەتى بازرگانى: حکوومەتى عێراق گۆڕانکارى لە بەشە خۆراکى مانگانەدا دەکات
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێمی کوردستان راگەیاند: "حکوومەتى عێراق بەنیازبوو ساڵی ٢٠٢٠ گۆڕانکارى لە پسوولەى خۆراکى لە بەشە خۆراکى مانگانەى هاووڵاتیاندا بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەکى باڵا لە نوێنەرى وەزارەتەکانى دارایى، کاروبارى کۆمەڵایەتى، بازرگانى و پیشەسازى کشتوکاڵ پێکهێندرا، چەندین بژاردەش پێکەشى لیژنەکە کران بۆ ئەجامدانى گۆڕانکارى لە بەشە خۆارکى مانگانەدا".
راشیگەیاند: "بە هۆى دابین نەکردنى بودجەى پێویست بۆ بەشەخۆراکى مانگانە، وەزارەتى بازرگانى نەیتوانى وەکو پێویست بەشە خۆراکى هاووڵاتیان بە تەواوى دابەش بکات، ئەمە جگە لەوەى ئەو خۆراکەشى کە دابەشکرا کوالێتی باش نەبوو و بەشێوەیەکى ناتەواو دابەش دەکرا".
ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "یەکێک لەو بژاردانەى لیژنەکە کارى لەسەر دەکرد بڕینى بەشە خۆراکى مانگانەى ئەو هاووڵاتیانە بوو کە مووچەخۆرن و پلەى تایبەتیان هەیە، وەکو بەڕێوەبەرى گشتى و بریکارى وەزیر و فەرماندەکانى سوپا و مامۆستاى زانکۆ، لە بەرامبەردا ئەو بەشە خۆراکەى بە هاووڵاتیان دەدرێ کوالێتى باش بکرێ و مادەکانى سەبەرتەى خۆارکیش زیاد بکرێ".
روونیشى کردەوە" بڕیارە بۆ ئەمساڵ حکوومەتى عێراق یەکێک لەو بژاردانە پەسەند بکات و لە رێگەیەوە گۆڕانکارى لە بەشە خۆارکى مانگانەى هاووڵاتیاندا بکرێ، هەر گۆڕانکاریەکیش لە بەشە خۆراکى مانگانەدا بکرێ، هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە"
باسنيوز
