وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەدواداچوون بۆ بەنداوی دەربەندیخان دەکات

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەدواداچوون بۆ بەنداوی دەربەندیخان دەکات

شاندێکی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بەدواداچوون بۆ کێشەکانی بەنداوی دەربەندیخان و نۆژەنکردنەوەی چەند بەشێکی بەنداوەکە دەکات. بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەکانی عێراق دەڵێت، ئەو پارەیەی کە وەزارەتی دارایی بۆی دابینکردوون بەشێوەیەکی یەکسان بەسەر بەنداوەکاندا دابەشی دەکەن.

لیژنەیەکى باڵاى ئەندازیاری لە وەزارەتى سەرچاوە ئاوییەکان و بەڕێوەبەرى گشتىی بەنداوەکانى عێراق چوونەتە دەربەندیخان بەدواداچوون بۆ کەموکورتى و پێویستىی نۆژەنکردنەوەى چەند بەشێکى بەنداوەکە دەکەن، بە تایبەت ئەو شوێنانەى کە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر بەهۆى بومەلەرزەکەى ئەو قەزایەوە زیانى بەرکەوتبوو.

کازم ساهیر جابر، بەڕێوەبەرى گشتیى بەنداوەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەردەوام گوتوومە کە من بە نەتەوە کورد نیم، بەڵام لە رووی دڵسۆزی و بایەخ و بژێوی و زمانی رۆڵەکانمەوە کوردستانیم. ئەو بڕە پارەیەی وەزارەتی دارایی بۆی دابینکردووین کورتی هێناوە. بەڵام ئەو بڕە پارە کەمەی پێمان دراوە بە یەکسانی بەسەر هەموو بەنداوەکاندا دابەشدەکرێت".

شەش مانگە حکومەتى عێراق هیچ پارەیەکى بۆ نۆژەنکردنەوەى بەنداوەکانى دووکان و دەربەندیخان تەرخان نەکردووە. دەڵێن هۆکار ئەوەیە کە سەرقاڵبوون بە کۆرۆنا و ئاڵوگۆڕى حکومەتى نوێوە کە زۆرینەى پرۆژەکانى وەستاندووە، بەڵام حکومەتى هەرێمى کوردستان بڕى 160 ملیۆن دینارى بۆ قۆناخى یەکەمى نۆژەنکردنەوەى بەنداوى دەربەندیخان دابینکردووە و چەند رۆژێکە لە کارکردندان.

رەحمان خانى، بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان بە رووداوی راگەیاند، "ئەو بودجەیەى لە حومەتى کوردستانەوە بۆمان هاتووە لووتکەى بەنداوەکەى پێ نۆژەن دەکەینەوە کە بەشێکى گرنگ و هەستیارە. چەند شوێنى دیکەش ماون کە دەبێت چاکبکرێنەوە".

موسڵ، حەمرین، عوزێم، سەرسار، دووکان و دەربەندیخان شەش بەنداوەکەى عێراقن. بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان لە رووى کارگێڕییەوە سەر بە هەرێمی کوردستانن، بەڵام مووچەى کارمەندان و خەرجییان سەر بە عێراقە. لە رووى سیاسیشەوە بەنداو وەک مەلەفێکى باڵا تەماشا دەکرێت





rudaw
Top