حکومەتی عێراق: لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەردەکەین

حکومەتی عێراق: لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەردەکەین
گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان بەردەوامن و هەوڵدەدەن بەپێی دەستوور چارەسەریان بکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی سازکرد. هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، پرسیاری کرد: کەی گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکانتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە؟

لە وەڵامی پەیامنێری رووداو، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "گفتوگۆ بەردەوامە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەم نزیکانە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، گفتوگۆکان بەردەوامن، لەنێوان بەغدا و هەرێم هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە جگە لە گفتوگۆ نەبێت، گفتوگۆ، گفتوگۆ، دیسان هەر گفتوگۆ، ئەوەش لەپێناو چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، بەپێی دەستوور و لەژێر چەتری دەستوور".

پەیامنێری رووداو ئەوەشی لە گوتەبێژی سەرۆکوەزیران پرسی: فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان گوزەرانیان خراپە، چاوەڕێی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکەن، ناکۆکییەکان چین و بۆچی رێکناکەون؟، ئەویش بەبێ ئەوەی وەڵامێکی روون و راشکاو بداتەوە گوتی "روونە وردەکاریی زۆر هەیە کە پێویستیان بە بەردەوامیدان و بە گەورەیی هێشتنەوەی گفتوگۆکانە لەپێناو لابردنی هەموو ئاستەنگەکان کە هەن و کەڵەکە بوون، بۆئەوەی بگەینە رێککەوتن. هەولێر و بەغدا سوورن لەسەر گفتوگۆکردن، بۆیە بەمشێوەیە هیچ کێشەیەکی هەڵپەسێردراو نامێنێتەوە، ئەمەش پرەنسیپە و هەردوولا حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی رێککەوتوون لەسەر چڕکردنەوەی گفتوگۆکان و سەردانکردنی هەردوو شاند بۆ لای یەکدی بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان".

هەفتەی پێشوو مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت. ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە گوتی: "بڕیاری دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن چاوەڕواننەکراو نەبووە، ئەو بڕیارە دوای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ دراوە لەبارەی سروشتی پرۆسەی هەڵبژاردن، چی پێویستە، رۆڵی حکومەت چییە و رۆڵی لایەنەکانی دیکە و دامەزراوەکانی دیکە چییە، ئەم بڕیارە کاردانەوە نەبووە، هیچ پاڵنەرێکی سیاسی نییە، بەڕێز سەرۆکوەزیران هیچ نیازێکی نییە بۆ ئەوەی بچێتە نێو بواری پاڵنەر و ململانێی سیاسی".










Rudaw
Top