ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مووچەی مانگی تەممووز دوادەكەوێت

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مووچەی مانگی تەممووز دوادەكەوێت
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی پارە لە وەزارەتی دارایی، مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران دوادەكەوێت.

فەیسەڵ عیساوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند "بەهۆی نەبوونی پارە لە وەزارەتی دارایی، مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران دوادەكەوێ‌ت و لە كاتی خۆی دابەشناكرێت".

لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە لەکاتێکدایە، پێشتر بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاندبوو "مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران دابینكراوە و پێش جەژنی قوربان دابەشدەكرێت".

بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و رێکارەکانی تایبەت بە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، حكومەتی عێراق ناچاربوو بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ناوخۆ و دەرەوە قەرز بكات.

بەپێی داتای وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ دابینكردنی مووچەی یەك مانگی فەرمانبەران و خەرجییە حكومییەكان، عێراق پێویستی بە حەوت ترلیۆن دینارە، بۆیە ترسی ئەوە هەیە حكومەتی عێراق ناچاربێت فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی كەمبكاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی.














رووداو
Top