90 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە عێراق گیانیان لەدەستدا
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە 24 کاژێری رابردوو 15 هەزار و 737 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراون و تاوەکو ئێستاش لە عێراق و هەرێمی کوردستان 793 هەزار و 24 پشکنین ئەنجامدراون.
بەپێی وەزارەتی تەندروستی، ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە ژمارەیان دوو هەزار و 36 کەسە. زۆرترینیان لە پارێزگای بەغدان کە 834 کەس، دوای ئەویش واست، بەسرە و نەجەف دێن.
بە تۆمارکردنی ئەو ژمارە لە تووشبووی نوێ، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیشتە 92 هەزار و 530 کەس کە 60 هەزار و 528 کەسیان چاکبوونەتەوە. هاوکات سێ هەزار و 781 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
ژمارەی ئەوانەی لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە لە 24 کاژێری رابردوو زیاتر لە 90%ـی ژمارەی تووشبووانە. بۆ رێگرتنی زیاتریش لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، تیمی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، حکومەتی فەرەنسا بە هاوبەشی لەگەڵ پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان بە 300 هەزار یۆرۆ هاوکاریی عێراق دەکات.
رۆژی شەممە د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق راگەیاند، عێراق بە بەردەوامی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کاردەکات بۆ پەرەپێدانی چارەسەر یان دروستکردنی ڤاکسینی کۆڤید- 19. "هەرکاتێک ڤاکسینەکە پەسندکرا، عێراق یەکەم وڵات دەبێت هاوردەی دەکات و بەکاری دەهێنێت".
رووداو
