لە 67 گرووپی شیعەی حەشدی شەعبی لە عێراق 44یان عەلی خامنەیی مەرجەعیانە

لە 67 گرووپی شیعەی حەشدی شەعبی لە عێراق 44یان عەلی خامنەیی مەرجەعیانە
هەژموونی سیاسی، سەربازی و ئابووریی ئێران لەپاش ساڵی 2003وە لە عێراق، راستییەکە ئەستەمە نکۆڵیی لێ بکرێت، چونکە ئێران بەو هەژموونە بووەتە رکابەری سەرسەختی ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، بە راددەیەک کە دواجار ئەمریکا پەنای برد بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسداران، بۆ سنووردارکردنی چالاکیی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەو وڵاتە.

گرووپە شیعەکانی نێو حەشدی شەعبی 67 گرووپن، 44 لەو گرووپانە هاوپەیمانی ئێرانن و عەلی خامنەئی مەرجەعیانە، ئەو گرووپانە 70 هەزار چەکداریان هەیە، حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و بەدر دیارترینی ئەو گرووپانەن، گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران دەستیان بەسەر 80%ی حەشدی شەعبیدا گرتووە، ئەو گرووپانە 27 تەلەڤزیۆن و 11 رادیۆ و چەندین رۆژنامەیان هەیە.

بەڵام هۆکارەکانی هەژموونی بەهێزی ئێران لە عێراق، بەتایبەت لەڕووی ئابوورییەوە، بریتین لە، سنووری نێوان ئێران و عێراق کە نزیکەی 1500 کیلۆمەتر درێژە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا کە ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلار و 99%ی بە قازانجی ئێرانە، چوار بانکی هاوبەش لەنێوان ئێران و عێراق لە بەغدا، کەربەلا و بەسرە هەن، سەدان کۆمپانیای ئێرانی وەبەرهێنانیان کردووە و چەندین پرۆژە لە عێراق جێبەجێ دەکەن، جگە لەوەی ئێران کارەبا و گازی سرووشتیی بە عێراق دەفرۆشێت.

لەڕووی سیاسیشەوە، هاوپەیمانە سیاسییەکانی ئێران لە عێراق پێگەی بەهێزیان لەنێو حکومەت و پەرلەماندا هەیە، کە دیارترینیان بریتین لە هاوپەیمانیی فەتح، بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، کە خاوەنی 48 کورسییە لە پەرلەمان، لەگەڵ هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، کە خاوەنی 25 کورسییە لە پەرلەمان.

لەڕووی دیپلۆماسیشەوە ئێران باڵیۆزخانەی لە بەغدا و کونسوڵخانەی لە هەریەک لە شارەکانی نەجەف، کەربەلا و بەسرە لە باشووری عێراق هەیە، لە هەمان کاتدا 30 رێکخراو و دەزگای خێرخوازی و رۆشنبیری و ئایینیی ئێرانی لە عێراقدا چالاکن و بەناو ناسراون، کە دەگوترێت سوپای پاسدارانی ئێران سەرپەرشتییان دەکات.









رووداو
Top