وەزیرانی دەرەوەی عێراق و فەرەنسا تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا دەکەن
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16-7-2020، یان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە بەغدا.
دوای کۆبوونەوەی ژان ئیڤ لۆدریان و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هەردوو وەزیری دەرەوە پرێس کۆنفرانسێکیان ساز کرد.
فوئاد حوسێن رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا، تاوتوێی پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق و فەرەنسایان کرد، جگە لە پرسی دەستگیرکراوە فەرەنسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە لە گرتووخانەکانی عێراقدان.
رۆڵی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە وەبەرهێنان لە عێراق و شەڕی دژی تیرۆر و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، هەروەک فوئاد حوسێن رایگەیاندووە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەی هەردوو وەزیرانی دەرەوەی عێراق و فەرەنسا بوو.
هەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا، ژان ئیڤ لۆدریان رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا پاڵپشتیی عێراقە لەلایەن فەرەنساوە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەروەها رایگەیاندووە، سەروەریی عێراق کارێکە ناتوانرێ نەرمی تێدا بنوێنرێ و وڵاتەکەی لە هاوکاریکردنی عێراق لە شەڕی دژی تیرۆر، بەردەوام دەبێت.
باسنيوز
