لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق: تورکیا 15 کیلۆمەتر خاکی عێراقی داگیرکردووە

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق: تورکیا 15 کیلۆمەتر خاکی عێراقی داگیرکردووە
تورکیا بە پشتبەستن بە رێککەوتنێکی ئەمنی پێشوو لەگەڵ عێراق، دەتوانێت لە نێوان پێنج بۆ حەوت کیلۆمەتر بێتە نێو خاکی عێراق، بەڵام بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، "تورکیا ئەو سنوورەشی بەزاندووە و نزیکەی 15 کیلۆمەتر خاکی عێراقی لەسەر سنوور داگیرکردووە".

محەممەد رەزا ئال حەیدەر، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کردووە "دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی عێراق چارە بکات، چونکە عێراق رێگە بە زیادەڕۆیی هیچ وڵاتێک بۆسەر سەروەریی خۆی و ئەنجامدانی کردەوەی سەربازی و بۆردوومانکردنی خاکی نادات".

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، وڵاتەکەی رێگە بە هیچ گرووپێکی چەکدار نادات خاکەکەی بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ "وەکو چۆن رێگە بە دەستدرێژیی هەر وڵاتێک بۆسەر سەروەریی خۆی نادات".

تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی رابردووەوە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی بەناوی چڕنووکی هەڵۆ و ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیشی بەناوی چنگی پڵنگ دەستپێکردووە بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، ئێستا سوپای تورکیا 15 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لە 12 شوێنی ستراتیژی سنووری شارۆچکەی باتیفا جێگیربووە.

لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق جگە لە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا و هەڕەشەی سکاڵاتۆمارکردن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هێزەکانی پاسەوانی سنووری لەو سنوورە بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئەو هێزانە نەبوونەتە رێگر لەبەردەم بۆردوومانەکان.








رووداو
Top